سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە راڵف ئەبراهام سێناتۆری كۆماریخوازی ئەمریكی دەكات

 

له درێژەی دسدارە سیاسیەكانی سەرۆكاسەیەتی هەرێمی كوردستان, ئەمڕۆ سێشەممە 22ی 8ی 2017 بەڕیز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بەڕێز راڵف ئەبراهام سێناتۆری كۆماریخوازی ئەمریكی كرد.

 

لەم دیدارەدا سێناتۆر راڵف ئەبراهام سەرسامی خۆی بەرامبەر ئەو پێشكەوتن و پێكەوەژیان و لێبوردەییە نیشاندا، كە لە هەرێمی كوردستان هەیە و رایگەیاند، گەلی كوردستان بە ماوەیەكی كەم رێگەیەكی زۆری بڕیووە. هەروەها پێزانینی بۆ قوربانیدان و قارەمانیەتی پێشمەرگە لەشەڕی تیرۆریستاندا هەبوو، كە جێگەی شانازییە سەربازانی ئەمریكا شانبەشانی پێشمەرگە شەڕی تیرۆریستان دەكەن و رایگەیاند، گەلی ئەمریكا زۆر بە باشی لە خەبات و داواكانی گەلی كوردستان تێدەگات و پاڵپشتی دەكات، هەروەها دووپاتی لە بەردەوامبوونی پشتیوانی گەلی ئەمریكا بۆ گەلی كوردستان كردەوە. چونكە كوردستان ئەو ناوچە ئارام و سەقامگیرییە، كە بۆتە سەنگەرێكی تۆكمەی ئەمریكا و جیهان لەشەڕی تیرۆریستاندا و بەڵێنیدا، كە راستییەكانی كوردستان وەك خۆی بگەیێنێتە بەرزترین ئاستی سیاسی لە ئەمریكادا.

 

لەبەرامبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی گەل و حكوومەتی ئەمریكای كرد كە لە كاتی تەنگانە و پەلاماری تیرۆریستانی داعش یارمەتی و هاوكاری كوردستانی داوە و خۆشحاڵی خۆشی بە بوونی پەیوەندی دۆستایەتی لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانی جیهانی دەربڕی. هەر لە وتەكانیدا سەرۆك بارزانی رۆشنیایی خستە سەر شەڕی تیرۆر و رایگەیاند، پێشمەرگە بەخوێنی خۆی بوو بە سمبوڵی تێكشكاندنی ئەفسانەی داعش، هەروەها باسی لە مێژوویی هاوبەشی گەلی كوردستان و دەوڵەتی عێراق كرد و ئاماژەی بەوەدا، كە گەلی كوردستان دوای قوربانیدانێكی بێسنوور و تاقیكردنەوەی چەندین ئەزموونی تاڵ و پڕ لەنەهامەتی لە مانەوە لەچوارچێوەی ئەم دەوڵەتە نائومێد بووە، بۆیە بڕیاری داوە مافی سرووشتی خۆی پیادە بكات و لەو مافەش پاشەكشە ناكات، مەگەر گەرەنتییەكی گەورەتر لە ریفراندۆم بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی هەبێت.

 

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئاماژەی بەوەدا، كە لەمێژووی سیاسی نوێدا هیچ یەكگرتنێكی بەزۆر تا كۆتایی سەری نەگرتووە.

 

لە كۆتایی دیدارەكەدا هەردوولا هاوڕابوون، كە لەگەڵ كۆنگرێسی ئەمریكادا لە پەیوەندی بەردەوام بن و سوپاسی سەردانی راڵف ئەبراهامیشی بۆ كوردستان كرد بۆئەوەی راستییەكان وەك خۆی بگەیەنێ.

Back to top button