چەند نهێنیەك لەسەر سەردانی بارزانی بۆ توركیا ئاشكرا دەبێت
خواكوڕك
بەگوێرەی زانیاریەكانی دەستی خواكوڕك كەوتووە، لەگەڵ سەردانی بارزانی بۆ توركیا رەوشی ئەمنی لە فرۆكەخانەی ئەو وڵاتە و توركیا تووند و تۆڵتر دەكرێت، میدیاكانی توركیا بە مانشێتی سەرەكی رۆژنامەكەیان، باس گرینگی سەردانەكەی بارزانیان بۆ توركیا كردووە، بەگوێرەی سەرچاوەی هەواڵیەكان لەگەڵ دابەزینی فرۆكەی بارزانی لەو وڵاتە میدیای فەرمی (تەرەتەی توركی) بۆ یەكەمجار رووماڵی سەردانی بارزانی كردووە.
هەر لەو بارەیەوە نیاز حاجی بە خواكوڕكی راگەیاندووە سەردانی ئەم جارەی بارزانی جیاواز لە هەموو سەردانەكانی ترە، چونكە بریاری چارەنووسسازی لێدەدرێت و بەتایبەتی ئەو سەردانەی بارزانی لەكاتێكدا دەكرێت كە جۆبایدنیش لەو كاتە سەردانی توركیا دەكات.
نیاز حاجی دەشلێت جۆ بایدنی جێگری سەرۆکی ئەمریکا ، سێ مانگ پێش جێهێشتنی کۆشکی سپی ، لە ۲٠۱٦/۸/۲٤ سەردانی ئەنقەرە دەکات ، سەردانەکە پەیوەندی بە دۆخی ناوچەکەوە هەیە هەر لە شەڕی داعش و پرۆسەی ئازادکردنی موصڵ و ئایندەی سوننەکان لە عێراق و پرۆسە سیاسی ئەو وڵاتە ، هەروەها قسەکردن لەسەر پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و ئایندەی هەرێمی کوردستان و دۆخی رۆژئاوای كوردستان و پەیوەندیەکانی ئەمریکا و تورکیا و هەرێمی کوردستان .ئەم تەوەرانەی كە باسمان كرد ئەجیندای سەردانەکەی (جۆبایدن)ە کە پێنج مانگ پێش ئێستا بریار بوو ئەنجامی بدات .
هەروەها دەلێت، دیداری ( بایدن _ بارزانی _ ئەردۆغان ) گرنگترین دیدارەکانی جۆبایدن دەبێت لە سەردانەکەیدا بۆ ئەنقەرە کە تەواوی ئەو دۆسیانەی تێدا باس دەكرێت، دەلێت کۆبونەوە و دیدارەکان بۆ دانانی خاڵە لەسەر پیتەکانی هەندێک لەو دۆسیانە .هاوکات لەگەڵ سەردانەکەدا ، چەند سەرکردەیەکی سونەکانی عێراقیش سەردانی ئەنقەرە دەکەن .
نیاز حاجی هەروەها باسی رێكەوتی سەردانەكە دەكات و دەلێت، دەستنیشانکردنی کات و شوێنی کۆبونەوەکە و وەفدە بانگهێشتکراوەکان ، کۆد و ئاماژەی گرنگ لە خۆ دەگرن .
دەلێت سەردانەکە پێش کۆتایی هاتنی ماوەی سەرۆکایەتی ئۆباما و جۆبایدنە ، جۆ بایدن خۆی خاوەنی پرۆژەی دابەشکردنی عێراقە ، سەردانەکەشی لەم کاتەدا بۆ لیدانی پەنجەمۆری کۆتاییە لەسەر ئەم پرۆژەیەی خۆی كە سەرەتا هەیبوو لەسەر دابەشكردنی عێراق .
حاجی لەبارەی هەڵبژاردنی شوێنی كۆبوونەوەكە ئەوەش بۆ خواكوڕك ئاشكرا دەكات و دەلێت دەستنیشانکردنی ( ئەنقەرە) بۆ باسکردنی ئەم دۆسیە هەستیارانە، مانای پشتگوێخستنی (بەغدا)و حوکمرانانی شیعە دەگەیەنێت ، ئەمریکا بێ ئومید بووە لە هەلسوکەوتەکانی (حەیدەر عەبادی) بەوەی کە بوێری بڕیاردانی لەدەستداوە ، بەتایبەت لە پرۆسەی ئازادکردنەوەی موصڵ و بەلاوەنانی سوننەکان و نەگارەناوەیان بۆ ناوچەکانیان و بێ دەسەڵاتی بەرامبەر حەشدی شەعبی و شکست هێنانی لە بەرنامە چاکسازیەکەیدا و چارەسەر نەکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، دەشلێت، چیتر بەغدا ئەو پایتەختە نیە بۆ باسکردنی ئەو دۆسیانەی سەرەوە ، پێشتریش چەند جارێک بەرپرسانی ئەمریکا( وەزیری دەرەوە و بەرگری) کاتێک سەردانی بەغدایان کرد هەر لە ناو باڵیۆزخانەی ئەمریکا دیدارەکانی خۆیان ئەنجامدا کە ئەمەش ئاماژەی تری لاوازی بەغدا و دەسەلاتدارانی بەغدا دەگەیەنێت .
هەر لەسەر بانگێشتی وەڤدەكان نیاز حاجی ئەوەش دەلێت: وەفدە بانگهێشتکراوەکان بۆ دیدار و کۆبونەوەکانیان لەگەڵ جۆبایدن ئاماژەی گرنگ لە خۆ دەگرن ، (بارزانی) جگە لەوەی کە وەک سەرۆکی هەرێمی کردستان بەشدارە لە کۆبونەوە و دیدارەکاندا ، نوێنەرایەتی کۆردانی پارچەکانی تریش دەکات و بەرگری کردن و باسکردنی ئایندەی ئەوانیش ، دێنێتە سەر مێزی گفتوگۆکان .هەروەها دەشلێت جگە لە بارزانی ، سونەکانی عێراقیش بە وەفدێک زیاتر بانگهێشت کراون ، چونی ئەو وەفدە پەیوەندی بە شەڕی داعش و ئازادکردنی موصڵ و ئایندەی ناوچە سونییەکان و پرۆسەی سیاسی عێراق و یەکرێزی نێوان هێزە سونیەکانەوە هەیە کە ئێران سەرکەوتوو بووە لە تێکدانی یەکریزیان لە ماوەی رابردودا .