بارزانی: دەكرێ وەك دوو جیرانی باش لەگەڵ عێراق بژین
دوای ئەوەی ئێوارەی ئەمڕۆ وەزیری دەرەوەی توركیا گەیشتە هەولێر لە لایەن وەزیری ناوخۆ و سەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێم لە فڕۆكەخانەی هەولێر پێشوازی لێكرا, دواتر لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆبوویەوە, لە كۆبوونەوەیدا لەگەڵ مەولود چاوشئۆغلو وەزیری دەرەوەی توركیا، پێی راگەیاندووە كە دەكرێ وەكو دوو جیرانی باش لەگەڵ عێراق بژین.
لە دیدارەكەدا وەزیری دەرەوەی توركیا سڵاوی سەرۆك كۆمار و سەرۆكوەزیرانی وڵاتەكەی بە بارزانی گەیاند و وێڕای ئاماژەدان بە ڕۆڵی گرنگی پێشمەرگە لە تێكشكاندنی داعش، پیرۆزبایی سەركەوتنەكانی پێشمەرگەی لە بەرانبەر تیرۆریستان لە بارزانی كرد و لە وتەیەكدا باسی لەو دۆستایەتی و پەیوەندییە باشە كرد كە لە نێوان توركیا و هەرێمی كوردستاندا هەیە، پەیوەست بە پرسی ڕیفراندۆمیش جەختی لەوە كردەوە كە وڵاتەكەی بڕوای بە مافەكانی گەلی كوردستان هەیە و لە ئێش و ئازارەكانی دەگات، بەڵام وای بۆ دەچێ كە ڕیفراندۆم لەو كاتەدا ڕەنگە كێشەی لێ بكەوێتەوە و سەقامگیریی ناوچەكە بشێوێنێ و نیگەرانییەكانی توركیای لەو بارەیەوە بە سەرۆك بارزانی گەیاند. ئەوەیشی خستەڕوو كە وڵاتەكەی ئامادەیە بەشدار بێت لە هەوڵی نێودەوڵەتی بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا.
لە بەرانبەردا بارزانی سوپاسی سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیرانی توركیای كرد و هەروەها پێزانینی هەبوو بۆ هاوكاری و یارمەتیدانی توركیا بۆ پێشمەرگە لە شەڕی دژی داعش.
لەبارەی پرسی ڕیفراندۆم، بارزانی لە گفتوگۆیەكی ڕاشكاوانەدا ئەو هۆكارانەی شی كردەوە كە وای لە گەلی كوردستان كردووە بڕیاری ڕیفراندۆم و هەنگاونان بۆ سەربەخۆیی بدات.
بارزانی ڕۆشنایی خستە سەر مێژووی پڕ لە نەهامەتیی گەلی كوردستان لەگەڵ دەوڵەتی عێراق و ئەوەی دووپات كردەوە كە وێڕای بوونی زوڵم و ئەنفال و جینۆساید گەلی كوردستان بڕیاری دا لاپەڕەیەكی نوێ هەڵبداتەوە و لە دوای 2003 هەموو هەوڵی خۆی دا كە عێراقێكی تازە لەسەر بنەمای شەراكەت و دەستوور و تەوافوق دابمەزرێت، بەڵام شەراكەت و دەستوور و تەوافوق پێشێل كرا و دواجار گەلی كوردستان لە دەوڵەتی عێراق نائومێد بووە و نایەوێ بە هیچ شێوەیەك ئەزموونە تاڵەكانی ڕابردوو دووبارە بكاتەوە، گەلی كوردستانیش بەرپرس نەبووە لەو دۆخەی ئێستە هاتووەتە ئاراوە، بەڵكو سیاسەت و هەڵەكانی حكوومەتەكانی عێراق هۆكارن.
بارزانی ڕایشیگەیاند كە بڕیاری گەلی كوردستان مافێكی دیموكراتی و ئاشتیانە و سرووشتیە و هۆكارێك دەبێت بۆ ڕێگەگرتن لە ناسەقامگیری و شەڕ و بۆ ئەوە دەبێت كە مادام شەراكەت شكستی هێنا دەكرێ وەك دوو جیرانی باش لەگەڵ یەكتردا بژیین.
بارزانی جەختی لەوەیش كردەوە كە ئەزموونی ساڵانی ڕابردوو پێشانی داوە كە كوردستان فاكتەری سەقامگیرییە و سەقامگیری و ئاشتی لە ناوچەكە لە بۆ گەلی كوردستان گرنگە.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا هەردوولا بڕیاریان دا كە لە پەیوەندی و ڕاوێژی بەردەوامدا بن.