بەرپرسێكی باڵای یەكگرتوو: ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی ناڕاستەوخۆ پشتیوانیی ریفراندۆم دەكەن
لەگەڵ نزیك بوونەوەی وادەی سازدانی ڕیفراندۆم, لە ئێستادا زۆرترین قسەو باس لە بارەی ئەم پرسە دەكرێت,ئەندامێكی پێشووی مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامیش رایدەگەیەنێت:” ڕیفراندۆم لەكاتی خۆیدا ئەنجام دەدرێت و بارزانی قبوڵی ناكات ڕیفراندۆم بۆكاتێكی دیكە دوابخرێت، ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی ناڕاستەوخۆ پشتیوانیی ریفراندۆم دەكەن.
ئەبوبەكر كاروانی، چاودێری سیاسی و ئەندامی پێشووی مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان، بە ڕاگەیاند: “سەركردایەتیی سیاسی كورد، قبوڵی ناكەن پڕۆسەی ڕیفراندۆمی ھەرێمی كوردستان دوابخرێت، بۆیە ڕیفراندۆم لە كاتی خۆیدا ئەنجام دەدرێت”.
ئەو چاودێرە سیاسییە، ئەوەشی روون كردەوە: “ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، دژایەتی ڕیفراندۆم ناكەن، بەڵكو بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ پشتگیری دەكەن، بەڵام گرنگ ئەوەیە ئێمە بتوانین نێو ماڵی كورد ڕێك بخەینەوە، بۆ ئەوەی ئەو پرسە نیشتمانیە ئەنجام بدەین.
ئاماژەی بەوەش دا كە ئەگەر لە ھەرحاڵەتێكدا ریفراندۆم دوابخرێت، ھیچ گەرەنتییەك نییە، بۆ ئەوەی ئێمە جارێكی دیكە بتوانین ڕیفراندۆم بكەین، چونكە ئێستا بارودۆخەكە لەبارە و دۆخەكانی داھاتوو بەدەستی ئێمەوە نییە، بۆیە باشتروایە ئەو پڕۆسەیە لەكاتی خۆیدا بەڕێوەبچێت.
ئەو ئەندامەی پێشووی مەكتەبی سیاسیی یەكگرتوو، ئەوەشی خستە روو: “دیدگای بارزانی بۆ پرسی ڕیفراندۆم ڕوون و ئاشكرایە، بەجۆرێك لە جۆرەكان ھەمیشە جەخت لە بەڕێوەچوونی ئەو پرسە نیشتمانییە دەكاتەوە، بەڵام ئەگەر بارزانی بزانێ ھیچ گەرەنتیەك نییە بۆئەوەی لە دوایدا ڕیفراندۆم بكرێت، بێگومان ڕازی نابێ پرسی ڕیفراندۆم دوابخرێت”.
گوتیشی: “پێویستە ھاونیشتمانیان ئەم ھەلە بە دەرفەتێكی گرنگ بزانن، بۆئەوەی گوزارشت لە ئیرادەیەكی نیشتمانی و خواستی سەد ساڵەی خۆیان لە پێناو دروستكردن و بیناكردنی یەكەمین كۆماری كوردستان لە كوردستانی باشووری، بكەن”.