13 هەزار كەس لە تەلەعفەر ئاوارە بوون
لەگەڵ دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆلكردنەوەی قەزای تەلعەفەر لە لایەن هێزە عێراقیەكانەوە, دانشتوانی ئەم قەزایە لە هەوڵی خۆدەربازكردندان خۆیان دەگەیەننە سنورەكانی ژێر كۆنتڕۆلی پێشمەرگەو هێزە عێراقیەكان, بەرپرسێكیش ئاشكرای دەكات كە بە هەزاران خەلك تا ئێستا ئاوارە بووە.
جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا دەڵێت، لە چەند رۆژی رابردوودا، 13 هەزار كەس لە سنووری قەزای تەلەعفەر ئاوارە بوون.
نورەددین قەپلان جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا رایگەیاند، لە 10 رۆژی رابردوودا 13 هەزار كەس لە سنووری قەزای تەلەعفەر رۆژئاوای پارێزگای نەینەوا ئاوارە بوون. بەڵام ئێستا شەپۆلی ئاوارە بوونەكە وەستاوە.
قەپلان وتی، تا ئێستا هیچ پێشێلكارییەك بەرامبەر بە ئاوارەكان رووی نەداوە، داوا لە هێزە بەشداربووەكانی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی تەلەعفەردا كراوە كە پابەندی فەرمانە سەربازییەكان بن.
ئاشكراشی كرد، داعش هەوڵدەدات لە رێگەی ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراوەوە پێشڕەویی هێزە عێراقییەكان رابگرێت بەڵام ئەگەر سەركردە و تیرۆریستانی بیانی و عەرەبی لە تەلەعفەردا هەبوونایە شەڕ و بەرەنگارییەكانی داعش توند دەبوون بەڵام تا ئێستا ئەمە رووی نەداوە.