كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان, لە پارێزگای هەڵەبجە 90 هەزار كەس بەشداریی ریفراندۆم دەكەن

 

بەگوێرەی خەمڵاندنی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی، نزیكەی ٩٠ هەزار هاووڵاتی لە پارێزگای هەڵەبجە مافی دەنگدانیان هەیە لە پرۆسەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستاندا.
حەمەسەعید ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی هەڵەبجەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە پرێس كۆنفرانسێكدا رایگەیاند، هەڵەبجە پارێزگایەكی نوێیە و لەبەر پێگە سیاسی و جوگرافییەكەی وەك پارێزگا راگەیەنراوە، بۆیە لای كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی، وەكو هەر پارێزگایەكی تری هەرێم ئەژمار كراوە و هاوشێوەی پارێزگاكانی تر ٦١ فەرمانبەرمان بۆ دامەزرێنراوە و سنووری جیاكراوەی خۆمان هەیە كە قەزای ناوەندی هەڵەبجەیە، لەگەڵ هەرچوار ناحیەی سیروان و خورماڵ و بیارە و بەمۆ.
وتیشی، كۆی گشتی دەنگدەرانی سنووری هەڵەبجە جگە لە ناحیەی بەمۆ، بە پێی خەمڵاندنی كۆمسیۆن دەگاتە نزیكەی ٨٥ بۆ٩٠ هەزار دەنگدەر. لە كاتێكدا لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا لە ساڵانی ٢٠١٣ و ٢٠١٤دا سنووری ئەم پارێزگایە نزیكەی ٦٥ هەزار دەنگدەری هەبووە.
وتیشی، لە ئێستادا پێنج بنكەی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەرانمان لە سنووری فەرمانگەكەماندا كردووەتەوە، دەزانین ژمارەیان كەمە، بۆیە داوامان كردووە بكرێنە ١٥ بنكە بە ناحیەی بەمۆشەوە كە تائێستا بنكەی تۆماركردنی دەنگدەرانی تێدا نییە.

Back to top button