بارزانی بۆ باڵیۆزی ئهلمانیا: ریفراندۆم دواناخرێت
له راگهیاندراوێكدا سهرۆكایهتی ههرێمی كوردستان، ئهمرۆ پێنجشەممە 24ـی 8ـی 2017 رایگهیاند” لە سەلاحەددین(مەسعود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە كریڵ جییان نوون باڵیۆزی تازەی ئەڵمانیا لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.
وهك له راگهیاندراوهكهدا هاتووه” لە دیدارەكەدا باڵیۆزی تازەی ئەڵمانیا لە عێراق باسی لە پشتگیریی گەل و وڵاتەكەی كرد بۆ بەهێزمانەوەی هەرێمی كوردستان و ڕایگەیاند كە هەرێمی كوردستان لە شەڕی تیرۆردا كاری گرنگی ئەنجام داوە و جێگەی بایەخی ئەڵمانیایە و وێڕای ئاماژەدان بەوەی كە ئەڵمانیا ئاگاداری مێژووی نەهامەتییەكانی گەلی كوردستانە، نیگەرانییەكانی وڵاتەكەیشی لەبارەی وادەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند و ئەوەیشی خستەڕوو كە ئەڵمانیا دەیەوێ لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا لە پەیوەندیی بەردەوامدا بێت، لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی گەل و حكوومەتی ئەڵمانیای كرد بۆ پێشكەشكردنی هاوكاریی سەربازی بۆ پێشمەرگە و ئەو هاوكارییانەی بە كاریگەر وەسف كرد.
سهرۆكایهتی ههرێمی كوردستانیش له راگهیاندراوهكهدا ئاشكرای كردوووه، لەبارەی بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆمیش سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە ئەوە بڕیاری كەسێك یان لایەنێك نییە بەڵكو ماف و بڕیاری تاك تاكی هاووڵاتیانی كوردستانە و نابێ خەڵكی كوردستان لەو مافە بێ بەش بكرێت و ڕیفراندۆم لە وادەی خۆیدا ئەنجام دەدرێت. ئەوەیشی باس كرد كە لە سەد ساڵی ڕابردوودا هەموو ڕێگەیەكمان تاقی كردووەتەوە بەڵام شەراكەت سەری نەگرتووە و ئەوە حكوومەتی عێراقی بووە كە هیچ كات شەراكەتی نەویستووە و گەلی ئێمەیش ناتوانێ دوای ئەو هەموو قوربانیدانە پاشكۆیی قبووڵ بكات و ئەزموونە شكستخواردووەكان دووبارە بكاتەوە. سەرۆك بارزانی ئەوەیشی دووپات كردەوە كە لەڕێگەی ئاشتیانە و دیالۆگدا لەگەڵ بەغدا بەردەوام دەبین لەسەر دیاریكردنی ئاییندەی پەیوەندییەكان و پرسی ڕیفراندۆم.