پارێزگاری كەركووك: هەموو پێكهاتەكانی كەركووك بەشداری ڕیفراندۆم دەكەن

 

دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ هۆزە عەرەبەكانی كەركووك، نەجمەدین كەریم رایگەیاند، هەموو پێكهاتەكانی كەركووك بەشداری ڕیفراندۆم دەكەن.

 

ئەمڕۆ پارێزگاری كەركووك لەگەڵ هۆزە عەرەبەكانی كەركووك كۆبووەوە. دوای كۆبوونەوەكە لە وەڵامی پرسیارێكی رووداو لەبارەی مافی پێكهاتەكان رایگەیاند “مافی پێكهاتەكانی كەركووك لە ڕیفراندۆمدا ئەوەیە كە ئازادانە بۆچوونی خۆیان دەرببڕن و دڵنیابكرێنەوە لەڕووی ئەمنی و خزمەتگوازییەوە، هاوكات دابینكردنی مافەكانیان لە داهاتوودا، بۆ ئەوەی بتوانن بە زمانی خۆیان بخوێنن و بەشێوەیەكی دیموكراتی رای خۆیان بدەن بەرامبەر بە هەر پرسێك”.

 

سەبارەت بە خستنەكاری پرسی بەشداری كەركووك لە ڕیفراندۆم لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، كە بڕیارە رۆژی سێشەممەی داهاتوو ئەنجامبدرێت، نەجمەدین كەریم گوتی “ئێمە بە نووسراوی فەرمی داوامان لە ئەنجوومەنی پارێزگا كردووە دەنگ لەسەر ئەوە بدات كە لە كەركووكیش ڕیفراندۆم ئەنجامبدرێت”.

 

پارێزگاری كەركووك راشیگەیاند “ڕیفراندۆم لە كەركووك بۆ چوونە پاڵ هەرێمی كوردستان نییە، بەڵام بۆ چوونە پاڵ هەرێمی كوردستان یان دەوڵەتی كوردستان لە داهاتوودا، دەبێت دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم رای رۆڵەكانی كەركووك لەو بارەیەوە وەربگیرێت، بەڵام ئەوەی ئێستا تەنیا بەشدارییە لەڕیفراندۆم نە زیاتر و نە كەمتر”.

Back to top button