تورکیا گرنگترە
ئەردەلان هەلەبجەی
مشتومڕی سیاسی و ئەکادیمیەکان لەناوخۆدا تایبەت بە پرسی پەیوەندیەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بە گشتی و تورکیاو ئێران، بەردەوام پرسێکی گەرمە،بێگومان دابەشبونێکیش بەڕونی لە نێوان سیاسی و ئەکادیمیەکانی کورددا لەو ڕوەوە دیارە،هەندێک پێداگری لەسەر گرنگی پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندیەکان لەگەڵ تورکیا دەکەن و بەرەکەی تریش ئێران بە دەروازە و گرنگتر دەبینن،ناشبیت لەبیرمان بچێت کەمینەیەکیش هەن تەئکید لەسەر گرنگی پەیوەندیەکانی هەرێم لەگەڵ هەردوو وڵات دەکەنەوە.
بەدیدی بەندە ڕونە کەهەریەک لەو دوو وڵاتە لە ناوچەکە گرنگی تایبەتی خۆیان هەیەو لە ڕوی سیاسی و ئابوری و سەربازیشەوە گرنگترین دوو دەوڵەتی ناوچەکەن،بۆیە گرنگە حکومەتی هەرێم لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش پەرەی زیاتر بە پەیوەندیەکانی بدات لەگەڵ ئەو دوو وڵاتە،بەڵام گەر پرسیار لەوە بکرێت تورکیاو ئێران کامیان گرنگترن بۆ ئەوەی حکومەتی هەرێم پەیوەندیەکانی لەگەڵیدا فراوانتر بکات،ئەوا بێگومان بە دیدی ئیمە تورکیا گرنگترە،ئەو گرنگیەش بۆ زیاد لە هۆکارێک دەگەڕێتەوە،کە لێرەدا بە کورتی چەند خاڵێک دەجەینە ڕو،لەوانە دابینکردنی ڕێژەیەکی بەرچاو لە مافەکانی گەلی کورد لەوڵاتی تورکیا و گرنگیدان بە زمان و کەڵچەرو خوێندن و بونی جۆرێک لە ئازادی سیاسی زۆر زیاتر لە ئێران،لە روی جوگرافیشەوە تورکیا دەروازەی ئایندەی کوردستان دەبێت ڕوەو ئەوروپا،گەر باس لە بواری بازرگانی و ئابوریش بکەین دەبینین ئاستی بازرگانی هەرێم و تورکیا زۆر زیاترە لە ئێران،لەوەش گرنگتر تورکیا وەک وڵاتیک کە پێویستی بە وزەی جۆراو جۆر هەیە دیسانەوە هەرێم دەتوانێت لەو ڕوەوە کەڵک وەربگرێت بەدوو شێوە کە بریتین لە دابینکردنی وزە بۆ ئەو وڵاتەو دواتریش بۆ بەبازارکردن و ناردنی بۆ ئەوروپا.
بەڵام گەرسەرنج بدەین وڵاتی ئێران لە ڕوی ماف و ئازادیەکانەوە بەرامبەر بە کورد نەک باش مامەڵەی نەکردووە تەنانەت ڕێگای نەداوە هیچ جوڵەیەکی سیاسی هەبێت و لەروی ماف و زمان و ئازادی یەوە دوای سوریا توندترین دەوڵەتە نەک تەنها لەناوخۆی خۆیدابگرە لە دەرەوەش،جگە لەوەش ئێران خۆی خاوەن وزەی پێویستەو دەرچەی ناردنی ئەو سامانەیشی بۆ دەرەوەی خۆی تورکیایە،واتە ئێران لە ڕێگەی دەوڵەتی تورکیاوە زۆرێک لە وزەی خۆی دەفرۆشێتە وڵاتانی ئەوروپا،بۆیە گەر بە رودی لەم بوارانە بڕوانین دەرک دەکەین گەر بڕیار بێت لە نێوان تورکیاو ئێران گرنگتر دیاری بکەین بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیەکانمان،ڕونە کە تورکیا بۆ ئێستاو ئایندەی کورد گرنگترە لە ئێران.