بەڤیدیۆ.. ژمارەیەك هاووڵاتی عەرەب سووكایەتی بە وێنەیەكی تاڵەبانی دەكەن

 

 

دوای ئەوە ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو بەرپرسێكی شارەوانی لە سنووری بەغدا كوژرا و بەو هۆیەوە خاڵێكی پشكنینی سەر بە لیوای سەرۆكایەتیی كۆماری عێراق لە بەغدا كە زۆرینەیان كوردن و سەر بە وەزارەتی بەرگریی عێراقن، تۆمەتبار كرا، ئەمڕۆ كەسوكاری كوژراوەكە لە خۆپێشاندانێكدا سووكایەتییان بە وێنەی جەلال تاڵەبانی ،سەرۆكی پێشووی كۆماری عێراق و گەلی كورد كرد.
ئەمڕۆ چەند پارچە ڤیدیۆیەك لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانی ئینتەرنێت بڵابووەتەوە كە تیایدا دەردەكەوێت بەشێك لە كەسوكاری كەسە كوژراوەكە و ژمارەیەك هاووڵاتی عەرەب لە شوێنی ڕووداوەكەدا خۆپێشاندانێكیان ئەنجامدا و سوكایەتییان بە وێنەی جەلال تاڵەبانی سەرۆكی پێشووی كۆماری عێراق و سكرتێری یەكێتیی نیشتمانی كوردستان كرد و درووشتی(كورد دوژمنی خوایە)یان دەگوتەوە.
هێرشكردن و گوتافی ئەو كەسانە لە كاتێكدایە كە تاوەكو ئێستا لەڕووی یاساییەوە تاوانباری سەرەكی و هۆكاری ڕووداوی كوشتنەكە لەلایەن دادگاكانی عێراقەوە ئاشكرا نەكراوە.
هەروەك لە ڤیدیۆكەدا دەردەكەوێت ئەو كەسانە هێرش دەكەنە سەر وێنەیەكی تاڵەبانی و سووكایەتی بە وێنەكە دەكەن، لە كاتێدایە كە پێشووتر عەرەبی عێراق بە گشتی، بە هەردوو پێكهاتەی سوننە و شیعەوە، تاڵەبانییان وەكو هێمایەك بۆ ئارامی و یەكڕیزی و پێكەوەژیان لە عێراق ناو دەبرد.
ڕۆژی سێشەممە (22-8-2017) حەكیم عەبدولزەهرە، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی ئەمیندارێتیی بەغدا، لە لێدوانێكی تەلەفزیۆنیدا ڕای گەیاند: “ئەندازیار سائیر، یاریدەدەری سەرۆكی شارەوانیی (دۆرە)، بە ئۆتۆمبێلەكەی خۆی لە نزیك خاڵێكی پشكنینی سەر بە لیوای سەرۆكایەتیی كۆماری عێراقدا تێپەڕیوە و دواتر تەقەی لێكراوە، بەو هۆیەشەوە گیانی لەدەست داوە”، دواتر باس لەوە كرا كە بەرپرسەكەی شارەوانیی دۆرە لەو خاڵەی پشكنین نەوەستاوە.
دوای بڵاوبوونەوەی تۆمارە ڤیدیۆییەكە كە لە بەشێكیدا كورد بە “دژی خوا” ناو دەبەن، چاودێران باسیان لەوە كرد كە ئەو عەقڵیەتەی لە هەر ڕووداوێكدا كورد تەكفیر دەكەن و سووكایەتی بە سەركردەكانی كورد دەكەن، ئاستەمە بتوانرێت لە داهاتووی عێراقدا ژیانیان لەگەڵدا بكرێت. چاودێران ئەو تۆمارە ڤیدیۆییەیان بە بەڵگەیەكی دیكەی زوڵملێكراویی كورد لە عێراق وەسف كرد كە “تەنیا ئەو كاتانە عەرەبەكانی عێراق بە برا و هاوبەشی دەزانن كە لە بەرژەوەندیی خۆیاندا بێت”.
پێشتر سەرۆكایەتیی كۆماری عێراق لە ڕاگەیاندراوێكدا جەختی لەوە كردەوە كە لیوای سەرۆكایەتیی كۆمار، سەر بە وەزارەتی بەرگریی عێراقە، نەك هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان. سەركەوتووش بووە لەدابینكردنی ئاسایش و سەقامگیری بۆ ناوچەی جادرییە لە بەغدا، كە تێیدا جێگیر كراون.

Back to top button