خه‌ونى بنگۆریۆن و خه‌ونى بارزانى

دانا مه‌نمى
 
حایم وایزمان و داود بنگۆریۆن سه‌ربارى جیاوازییه‌كانیان له‌ ناو فه‌زایه‌كى پر له‌ كێشمه‌كیش و ناكۆكى و دژایه‌تى عه‌ره‌بدا ده‌وڵه‌تى ئیسرائیل داده‌مه‌زرێنن و له‌ كاردانه‌وه‌ى هیچ ده‌وڵه‌تێك ناترسن و ده‌وڵه‌تى خۆیان ده‌پارێزن ، له‌ ناو جوله‌كه‌دا دیدێك ئاماده‌گى هه‌بوو هه‌ندێك پییان وابوو كه‌ ( حایم وایزمان ) نه‌خشه‌ داڕێژه‌رى ده‌وڵه‌تى ئیسرائیله‌و ( داود بنگۆریان ) بنیاتنانى ده‌وله‌ته‌كه‌ى له‌ ئه‌ستۆدا بووه‌ ، سه‌ربارى ئه‌وه‌ى هه‌ردوكیان جیاوازى زۆر له‌ دیدو تیروانینى سیاسیى و بیركردنه‌وه‌یان بۆ ژیان هه‌بوو ، به‌ڵام بۆ ناسیۆنالیزمى جووه‌كان هه‌میشه‌ یه‌كێكیان نه‌خشه‌داڕێژه‌ر بووه‌ و ئه‌ویتریان وه‌ستاى جێبه‌جێكار بووه‌ ، به‌ڵام هه‌ندێك ڕۆژگاریش هه‌بووه‌ كه‌ هه‌ردوكیان زۆر له‌ یه‌كدى دور بوون ، هاوكات هه‌ردوكیان جوله‌كه‌ بوون و له‌ ڕوسیا له‌ دایك بوون ، هه‌ردوكیان ژیانیان بۆ بنیاتنانى ده‌وڵه‌تى ئیسرائیل ته‌رخان كردبوو .
“حایم وایزمان ” پیاوێكى باریكه‌له‌ى باڵابه‌رز بوو ، هێنده‌ باڵا به‌رز بوو كه‌ ده‌چووه‌ هه‌ر شوێنێك خه‌لك خۆرسكانه‌ بێ ئه‌وه‌ى بیناسن له‌به‌رى هه‌ڵده‌ستان ، له‌ دوا ساڵه‌كانى ته‌مه‌نیدا سه‌رى ڕوتابویه‌وه‌ و سمێلێكى كورت و ردینێكى ڕه‌شى هه‌بوو ـ تا ڕاده‌یه‌ك له‌ نیمچه‌ شه‌یتانێك ده‌چوو ، وایزمان پیاوێكى ئه‌ریستۆكراتیانه‌ بوو ، پیاوێكى له‌سه‌رخۆ و هێور بوو كه‌سێكى هه‌ستیار بوو ، حه‌زى له‌ ژه‌مه‌ خواردنى به‌ پێز بوو به‌ زمانێكى دیپلۆماتیانه‌ى فه‌ره‌نسى وه‌ك پاریسییه‌كى راسته‌قینه‌ قسه‌ى ده‌كرد ، وایزمان له‌به‌رلین و سویسرا خویندنى ته‌واو كردبوو ، هه‌لگرى چه‌ندان پله‌ى باڵاى خوێندن بوو ، له‌ ماڵباتێكى ده‌وڵه‌مه‌ند بوو ده‌وڵه‌تمه‌داره‌كانى وه‌كو ( لۆرد بلفۆر ، ژه‌نه‌راڵ سموتس ، لیۆن بلوم ، لۆرد سێسیل ، گه‌وره‌ ئه‌فسه‌رانى وه‌كو لۆرانس و ئۆرده‌و وینگێت و ته‌نانه‌ت وینستۆن چه‌رچڵ ) له‌ نزیكه‌وه‌ ده‌ناسى و هاوڕێى بوون ، هاوكات دۆستایه‌تى له‌گه‌ڵ پاشاى ئیتالیا زۆربه‌ى ولاتاندا هه‌بوو ، كه‌سێكى پڕ گوماناوى و تاكتیوانێكى شارستانى بوو زۆر متمانه‌ى به‌خۆى هه‌بوو ئارامگرو به‌ حه‌وسه‌ڵه‌ ئه‌ریستۆكراتێكى لیبرال بوو .
“داود بنگۆریۆن ” له‌ ڕوسیا له‌ دایك بووه‌ و وه‌ستاى بنیاتنه‌رانه‌ى نه‌خشه‌كه‌ى “وایزمه‌ن ” بوو كه‌ ده‌وله‌تى ئیسرائیلى له‌سه‌ر دامه‌زرا ، پیاوێكى باڵا كورت و بچوك بوو ، شانازى به‌وه‌ ده‌كرد كه‌ مرۆڤێكى ساده‌یه‌ و له‌ ناو خه‌ڵكدایه‌ ، بنگۆریۆن حه‌زى له‌ ئاهه‌نگێران نه‌بوو له‌بۆنه‌كانیشدا ده‌چووه‌ گۆشه‌یه‌كى بۆنه‌و ئاهه‌نگه‌كان و له‌سه‌ر كورسییه‌ك داده‌نیشت ، بنگۆریۆن كه‌م به‌ فه‌ره‌نسى قسه‌ى ده‌كرد ، زیاتر له‌ له‌نده‌ن بووله‌ شه‌قامى (چارینگ كرۆس رۆد ) كه‌ پڕبوو له‌ كتیبفرۆش ، خانوه‌كه‌ى بنگۆریۆن هیچ جیاوازییه‌كى نه‌بوو له‌ ته‌لئه‌بیب له‌گه‌ل سه‌دان خانووى ده‌وروبه‌رى ، بنگۆریۆن خۆى خۆى پیگه‌یاندبوو پله‌ى دكتۆراى شانازى پێبه‌خشرابوو خاوه‌نى هیچ بروانامه‌یه‌كى ترى خویندنى باڵا نه‌بوو ، بنگۆریۆن له‌ خانه‌واده‌یه‌كى مامناوه‌ند بوو تا له‌ ژیانیشدا بوو دوو هاورێى هه‌بوو ، به‌ده‌گمه‌نیش به‌ كه‌یفسازى ده‌بینرا و هه‌میشه‌ له‌ ناخه‌وه‌ بیرى ده‌كرده‌وه‌ ، به‌ڵام كه‌سێكى توڕه‌و حه‌وسه‌ڵه‌ بچوك بوو .
( حایم وایزمان ) پیاوێكى تیۆرى و ( بنگۆریۆن) یش ئاسایی و كرده‌یی بوو ، وایزمان بڕواى وابوو كه‌ بنگۆریۆن كه‌متر بایه‌خ به‌ڕاى گشتى جیهان ئه‌دات ، بنگۆریۆنیش پێیوابوو كه‌ وایزمه‌ن زۆر خۆى به‌ راى گشتى جیهانه‌وه‌ سه‌رقاڵ كردووه‌ ، له‌ ژیاننامه‌ى خۆیدا وایزمان له‌ كۆى (482 ) لاپه‌ره‌ى ژیاننامه‌كه‌ى به‌ئاسته‌م ناوى بنگۆریۆنى هێناوه‌ ، به‌ڵام بنگۆریۆن جوامیرانه‌تر بوو له‌ وایزمه‌ن ، خاڵه‌ ناكۆكه‌كانى نێوانیان هه‌م له‌لایه‌ن خۆیان و هه‌میش له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه‌ ئاشكرا بوو ، به‌ڵام هه‌دوكیان سه‌ربارى ئه‌م هه‌موو جیاوازییه‌ له‌ ره‌فتارو ئاكارو ماهیه‌ت و دیدو بیركردنه‌وه‌یان بۆ سیاسه‌ت و ژیان ، ته‌نها و ته‌نها هاوهه‌ڵویست و یه‌كده‌نگ و یه‌كڕیز بوون بۆ دروستكردنى بنیاتنانى كیان و قه‌واره‌و ده‌وڵه‌تێك بۆ جووه‌كان ، دواى چه‌ندین ساڵ له‌ هه‌وڵوكۆشش سه‌ربه‌خۆى خۆیان به‌ ده‌ستهیناو كاتێكیش په‌رله‌مان “وایزمان ” ى به‌سه‌رۆكى ده‌وڵه‌تى ئیسرائیل هه‌ڵبژارد ، ئه‌ویش داواى له‌ “بنگۆریۆن ” كرد كه‌ كابینه‌ى حكومه‌ت پێكبهێنیت .
خه‌ونى كاك مسعود بارزانى و خه‌ونى (وایزمان و بنگۆریۆن) هه‌مان خه‌ونه‌و هیچ جیاوازییه‌كى نییه‌، چونكه‌ بارزانى خه‌ونى دروستكردنى ده‌وله‌تى كوردى هه‌یه‌ و هه‌ر ئه‌م خه‌ونه‌یش خه‌ونى بارزانى باوك و قازى محه‌مه‌د و شیخ مه‌حمودى حه‌فید بووه‌ ، ئیستا هه‌وڵ و كۆششى كاك مسعود بارزانى بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌مووان به‌ جیاوازى ئایدۆلۆژیاو دیدو تێروانینمانه‌وه‌ له‌ ژێر چه‌ترى ڕیفراندۆم و هه‌نگاو نان به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆى كوردستان كۆبكاته‌وه‌ ، له‌ئیستادا ئه‌وه‌ى كه‌ پێویسته‌ هه‌مان بیت كه‌ نیمانه‌ ، هوشیارى و ئیراده‌یه‌ ، واده‌بینم هوشیارى و ئیراده‌ى به‌شێك له‌ جه‌ماوه‌ر به‌هۆى خویندنه‌وه‌ى پارادۆكس و دیماگۆجى حزبیه‌وه‌ زیندانى كراوه‌ ، ئازادى به‌ كۆى ڕه‌هه‌ندو ماناكانیه‌وه‌ له‌ هاونیشتمیانیان زه‌وت كراوه‌ ، سه‌روه‌رى مرۆڤ كه‌ سه‌روه‌رىیه‌كى خۆرسكه‌ له‌ ده‌ستدراوه‌ ، خودى ئازادى كه‌ به‌ دیوێك له‌ دیوه‌كان مانا ده‌دات به‌ ژیان و چه‌مكى مرۆڤبوون ، ماناى له‌ ده‌ست داوه‌و كه‌ره‌سته‌و ئامرازێكه‌ بۆ پرو پاگه‌نده‌و موزایه‌داتى سیاسى ، سه‌ربه‌خۆى كوردستان خوانێكه‌ كه‌ هه‌موومان كۆده‌كاته‌وه‌ ، سه‌ربه‌خۆى كوردستان به‌ قوڵاى مێژومان كلتورمان فه‌رهه‌نگ و شۆرش و ڕاپه‌رینه‌كانماندا رۆچووه‌ته‌ خواره‌وه‌ ، ئه‌فسوس ئه‌وه‌ خۆمانین ئه‌و ڕه‌گانه‌ به‌ قوڵاییه‌كانه‌وه‌ ده‌بڕینه‌وه‌ .
 
Back to top button