کۆیلە و خۆفرۆشەکانی سەربەخۆیی

ئاری مامشەیی

ئەمڕۆ داوامان لە هونەرمەندێکی دیاری گەنج کرد کە بە چەند چرکە ڤیدیۆیەک پشتیوانی خۆی بۆ کەمپینی ریفراندۆمی سەربەخۆیی دەرببرێت. لە وەڵامدا وتی کە هەندێک پۆستی بۆ ئەو مەبەستە کردووە بەڵام لە لایەن گەنجەکانەوە پێی وتراوە “کۆیلە و خۆفرۆش” و وێنەیەکی زۆر قێزەوەنیان بۆ داتاشیوە.
هەر ئەمڕۆ هاوڕێیەک دوای چەند رۆژێک دابڕان لە فەیسبووک گەڕایەوە پاش ئەوەی فەیسبووک شکات و ریپۆرتی دژی ئەم کەسەی پێگەیشتبوو. ئەم هاوڕێیە داکۆکیکارێکی سەرسەختی سەربەخۆیی و ریفراندۆمە؛ هاوڕێکانی لە فەیسبووک شکاتیان لێ کردبوو.
وتەبێژی وەبەرهێنەران دەڵێت سەرمایەداری ٤٤ ملیار دۆلاری هەیە دژی سەربەخۆییە و لەژێرەوە کۆمەکی هەڵمەتی نەخێر دەکات.
عەجەب، کەسێک ئەم ئیدارەیەی کوردستان زروفی دەوڵەمەندبوونی بۆ رەخساندبێت دژی سەربەخۆیی گەلەکەی بێت، تەنها لە پێناوی بەرژوەندییە ئابوورییەکانی لە چوارچێوەی دەوڵەتەکەی، عێراق.
مرۆڤ شەرم ئەکات ئەم وشانە بە ئینگلیزی بنووسێت تاوەکو هاوڕێ بیانییەکانی نەزانن سەربەخۆییخوازیی لە نیشتیمانێکی بێ دەوڵەتدا بە کۆیلەیی و خۆفرۆشیی سەیر دەکرێت و شکاتی لە دژ دەنووسرێت. مرۆڤ نایەوێت بە دونیای دەرەوە بگەیەنێت کە ئەو خۆخۆرییەی چەندین سەدەیە کورد پێوەی ئەناڵێنێت هێشتا بەردەوامە.
چی نەنگییە، شەرمە، خەجاڵەتبوونە کە سەربەخۆییخوازیی شکاتی لێ بکرێت. لە کاتی خۆیاندا هەرگیز ئێمەی نەوەی دوای راپەرین ئەو تێکستانەی ناو کتێبەکانی مەنهەجی خوێندنمان کە باسی لە رێگری و پلانگێڕی کوردەکانی تر بۆ هەوڵە سەربەخۆییخوازەکانی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری، شێخ مەحموودی حەفید، شێخ سەعیدی پیران، پێشەوا قازی و بارزانی نەمر و ئەوانی تر، بە ئاسانی پێ ئیستیعاب نەئەکرا. پێمان سەیربوو خزمان لە پێشمەرگە و رێکخستنەکان لە لایەن هاوڕێ و دۆست و دراوسێ کوردەکانی خۆمان بە (مخربین) رادەستی بەعس ئەکران. بەڵگەنامە مێژووییەکان ئەڵێن ئەوانەی ئەوکات رێگڕییان لەم سەرکردانە کرد بیانووی جۆراوجۆری ئیداری و ئابووریی و سیاسی و ئایینی و کۆمەڵایەتییان هێناوەتەوە، بەڵام مێژوو سەلماندی کە کردەوەو هەڵوێستەکانیان دژی بەرژوەندییەکانی میللەتەکەیان بوو و مێژوونووسان تەنها پۆلێنی (خائینەکان)یانی پێ ڕەوا بینین.
سەربەخۆییخوازیی پێش هەموو شتێک ئیرادە و ویستە. هەموو ئامانجێک سەرەتا بڕیاری خودی ئەوێت. ئیرادە کاتی بۆ نییە و هەموو دەقەیەکی رۆیشتوو لە ئامانجەکەت دوات ئەخات.
سەربەخۆییخوازی بەرەی گەلە و شانازی و سەربەرزی و بێ منەتییە.

Back to top button