بارزانی په‌یامێكی بڵاو كرده‌وه‌

ئه‌مڕۆ 26ی 8ی 2017 مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان په‌یامێكی بۆ په‌نابه‌رانی كوردستان له‌ ئه‌لمانیا كه‌ له‌ ڤیستیڤاڵ سه‌ربه‌خۆی كوردستاندا پشگیری له‌ ریفراندۆمی سه‌رۆبه‌خۆی كوردستان ده‌كه‌ن، بڵاو ده‌كاته‌وه‌ بارزانی له‌ په‌یامه‌كه‌دا ده‌لێـ”گەلی كوردستان بۆ ئەوەی بتوانێ خۆی لە شەڕ و كێشەكان لەگەڵ عێراقدا بپارێزێت دەبێ خاوەنی سەروەریی خۆی بێت. بۆیە باشتر وایە کوردستان وعیراق ببنە دوو دراوسێی باش تا كێشەی گەورەتر لەنیوانیاندا روونەدات و چیتر هەردوولامان لە گێژاوو لە دڵەڕاوکێدا نەژین.
هه‌ر له‌ په‌یامه‌كه‌ی دا مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان راشی گه‌یاند”هەموو هەوڵەکانمان لەگەڵ دەوڵەتی عێراق بێ ئاکام بوون و، ئەو مافانەی کە خوا بە مرۆڤی بەخشیوە کە ژیان و ئازادییە، لێمان زەوت کرا، گەلی كوردستانیش ژێردەستەیی و پاشكۆیەتی قبوڵ نییە، بۆیە لەئێستادا بەهەمان شێوازی مەدەنییانە و دیموکراتیانە خەڵکی کوردستان لە بەردەم دوو بژارەدا دەبێت، یان مانەوە لەگەڵ دەوڵەتێکدا کە هەمیشە هەوڵی سڕینەوەمان دەدات، یان هەنگاونان بۆ سەربەخۆیی و سەرفرازی.
دەقی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان
 
بە ناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
 
ئامادەبووانی بەڕێز
 
خوشك و برا خۆشەویستەكانم
 
جێگەی خۆشحاڵی و ئومێدێكی زۆرە كە ژمارەیەكی زۆر لە ڕۆڵەكانی گەلەكەمان لە هەندەران بۆ پاڵپشتیكردنی سەربەخۆیی گەلەكەمان لێرەدا كۆبوونەوتەوە و دەستخۆشیتان لێ دەكەم و سوپاستان دەكەم. دەنگی ئێوەی سەربەرز پشتگەرمی و هێز دەداتە خوشك و براكانتان لە كوردستان.
 
ئەمڕۆ میللەتەکەمان لەبەردەم قۆناغێکی زۆر هەستیارادایە، لە 25ی سێپتەمبەری داهاتوو ریفراندۆم دەکرێت بۆ ئەوەی گەلی کوردستان بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات و بەرەو سەربەخۆیی هەنگاو بنێت.
 
بڕیاری ریفراندۆم بڕیاری گەلی كوردستانە، بڕیاری هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی كوردستانە و سەروەرییەکی گەورەی دیکەیە لە مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازی کوردستاندا.
 
ریفراندۆم ئامانج نییە، بەڵکو ئامرازێکە بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی گەورەتر کە سەربەخۆییە، ئەمەش تەنها بۆ خەڵکی کورد نییە، بۆ هەموو ئەو نەتەوە و ئایینانەیە کە لە کوردستاندا دەژین.
 
گەلەکەمان لە باشووری کوردستان بە مەرجی شەراكەت ژیانێكی ئارزوومەندانەی لەگەڵ دەوڵەتی عێراقدا هەڵبژارد. دوای سەد ساڵ بەشی گەلی كوردستان لەو شەراكەتە نەهامەتی و ئەنفال و كیمیاباران و جینۆساید و قڕكردن بوو.
 
هەموو هەوڵەکانمان لەگەڵ دەوڵەتی عێراق بێ ئاکام بوون و، ئەو مافانەی کە خوا بە مرۆڤی بەخشیوە کە ژیان و ئازادییە، لێمان زەوت کرا، گەلی كوردستانیش ژێردەستەیی و پاشكۆیەتی قبوڵ نییە، بۆیە لەئێستادا بەهەمان شێوازی مەدەنییانە و دیموکراتیانە خەڵکی کوردستان لە بەردەم دوو بژارەدا دەبێت، یان مانەوە لەگەڵ دەوڵەتێکدا کە هەمیشە هەوڵی سڕینەوەمان دەدات، یان هەنگاونان بۆ سەربەخۆیی و سەرفرازی.
 
وێرای هەموو ئەو نەهامەتییانە کە حکومەتەکانی عێراق بەسەر کوردستانیان هێنا، لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس كوردستان هەموو هەوڵێكی خستەگەڕ بۆ بنیاتنانی عێراقێكی تازەی فیدرالی و دیموكراتی لەسەر بنەمای شەراكەت و تەوافوق بەڵام هەوڵەكان هیچ ئاكامی نەبوو، رێککەوتن کرا و پێشێل کرا، یاسا دەرکرا و جێبەجێ نەکرا، دەستوور ئیلتزامی پێوە نەکرا و پێشێل كرا، تاکو گەیشتە ئەوەی نانی خەڵكی كوردستان ببڕن. هێشتا فەرهەنگی نكۆلیكردن و بە پاشكۆدیتنی گەلی كوردستان باڵادەستە. فەرهەنگێك كە شەراكەت قبوڵ ناكات. گەلی كوردستان لە مانەوە لەگەڵ دەوڵەتی عێراق نائومێد بووە و چیتر نایەوێ ئەزموونە شكستخواردووەكانی ڕابردوو دووبارە بكاتەوە و ناچاریش نیە تاهەتایە پاشكۆ بێت و چاوپۆشی لە مافەكانی بكات.
 
ئێمە داوای شتێکی ئاسایی و یاسایی دەکەین. گەلی كوردستان دەیەوێ لەڕێگەی ئاشتی و دوور لە توندوتیژی بە مافەکانی خۆی بگات و باشترین پەیوەندی لەگەڵ بەغداو دراوسێكان و وڵاتانی ناوچەكە هەبێت. ئامانجی ڕیفراندۆم گەیاندنی پەیام و ویستی هاووڵاتیانی كوردستانە بە جیهانیان كە سەربەخۆیی و ئاشتی دەوێت. گەلی كوردستان بۆ ئەوەی بتوانێ خۆی بپارێزێ و لە ئاشتیدا بژییت و بەرەو پێشەوە بچێت پێویستی بە سەربەخۆییە.
 
گەلی كوردستان بۆ ئەوەی بتوانێ خۆی لە شەڕ و كێشەكان لەگەڵ عێراقدا بپارێزێت دەبێ خاوەنی سەروەریی خۆی بێت. بۆیە باشتر وایە کوردستان وعیراق ببنە دوو دراوسێی باش تا كێشەی گەورەتر لەنیوانیاندا روونەدات و چیتر هەردوولامان لە گێژاوو لە دڵەڕاوکێدا نەژین.
 
ئازیزانم ..
 
میللەت را و هەڵوێست و رێزی خۆی هەیە و دەبێت ئەو هەلە بە خەڵکی کوردستان بدرێت بڕیاری خۆی بدات و گوزارشت لە رای خۆی بکات. تاكە دەرمانی هەموو ئازارەكانمان و تاكە زامن بۆ دووبارەنەبوونەوەی كارەساتەكان ئەوەیە، بەرەو سەربەخۆیی هەنگاو بنێین.
 
شۆڕشەکانی گەلەکەمان بۆ ئازادی و سەربەستی و سەربەخۆیی بووە، گەلی کوردستان لە سەد ساڵی رابردوودا قوربانیی گەورەی دا بۆ پاراستن و مانەوەی خۆی، ئێوە لە هەموو بۆنە نەتەوەییەکاندا رۆڵی جوامێرانەتان بینیوە، بۆ ریفراندۆمەکەی رۆژی ٢٥ی سێپتەمبەریش داواتان لێ دەکەم ئەركە نیشتیمانی و نەتەوەیی و دیموكراتییەكەتان ئەنجام بدەن و بە هەموو توانایەك پاڵپشتی سەربەخۆیی بن، دەنگتان بۆ سەربەخۆیی بێت، ئەوەیش لە پێناو کۆتایی هاتنی ژێردەستەیی و هەڵهاتنی خۆری ئازادی، لەپێناو وەفاداری بۆ خوێنی شەهیدانمان، لەپێناو ئاشتی و بووژانەوەدا، لەپێناو بەختەوەری بۆ نەوەكانی داهاتوو.
 
بژی كوردستان
 
نەمری بۆ شەهیدانی ڕێگەی ئازادی
 
مسعود بارزانی
Back to top button