بەرێوەبەری كەناڵی كوردستان 24، نهێنیەك لەسەر میدیاكانی سلێمانی ئاشكرا دەكات
خواكوڕك
لە نووسینێكیدا كە لەژێر ناونیشانی “بارزانی لە میدیای سلێمانی” دا نوورەدین وەیسی بەرێوەبەری كەناڵی كوردستان 24 لە تۆری كۆمەڵایەتی فیس بووك دەنووسێت، “لە کاتێکدا میدیای جیهانی (بۆ نموونە هەردوو ئاژانسی هەواڵی جیهانی رۆیتەرز وئەسیۆشێتد پرێس، میدیای ئەمەریکایی، ئەوروپایی ، عەرەبی ، تەنانەت تورکی و ئێرانیش) وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان ناوی مەسعود بارزانی دەهێنن، کەچی میدیاى لۆکاڵی سلێمانی (زیاتر مەبەستم ئەوانەیە بانگەشەی سەربەخۆبوون وبێلایەنی دەکەن) تەنیا دەنووسن مەسعود بارزانی! بەحیسابی خۆیان دان بە سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا نانێن!
هەورەها وەیسی لە نووسینەكەی دا دەپرسێت، لێرەدا پرسیار ئەوەیە ئایا میدیای لۆکاڵی سلێمانی، لە رۆیتەرز و ئەسیۆشێتد پرێس و CNN و BBC و….. هتد پرۆفیشناڵتر و بێلایەنترە؟! ئایادەکرێت میدیا هەڵوێستێکی سیاسی وەربگرێت وەک چۆن میدیای سلێمانی هەڵوێستی لە بارزانی وەرگرتووە کە هەمان هەڵوێستی سیاسی گۆڕان و یەکێتی و حیزبەکانی دیکەی سلێمانییە؟ دەشلێت، ئەو میدیایە هێشتا هەر سوورە لە سەر ئەوەی خۆی بە بێلایەن و سەربەخۆ ناوببات، لەکاتێکدا بەڕێوەبەرکانی زیاتر چاڵاکی سیاسین، بۆ نموونە سەرپەرشتی رێکخستنی خۆپێشاندان دەکەن دژی پارتی و کەمپین و ئیمزای لە دژ کۆدەکەنەوە و تەنانەت لە خۆپیِشاندانەکان وتار و دروشمی تووندیش دەدەن.
هەروەها لەكۆتای نووسینەكەی دا نوورەدین وەیسی دەشلێت، لای ئەوان هەر میدیایەک دژی پارتی بێت ئیدی یەکسەر دەبێتە سەربەخۆ و بێلایەن! ئەوان تەنیا نزیکی و پشتگیریی دارایی پارتی بە کوفر و تاوان دەزانن، دەنا ئاساییە ئیدارەی گشتی و بەرپرسانی گۆڕان و یەکێتی (بەناوی یارمەتیدانی میدیای ئەهلی و سەربەخۆ!) پارەیان پێ بدەن و ژن و برا و خزم و کەسوکارییان بکەنە ئەندام پەرلەمان و ئەرز و سەیارە وەربگرن و بە عەمید وعەقید خانەنشینیان بکەن!