ئیدی كۆهین: ئیسرائیل لەگەڵ سەربەخۆی كوردستانە, جولەكە لەپێناو دەوڵەتی كوردستان گوشار دەخەنەسەر ئەمریكا
پرسی سازدانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆی كوردستان لە ئێستادا زۆرترین قسەو باسی لە بارەو دەكرێت, بە جۆرێك لە ئێستادا چەند وڵاتێكی دیكەی جیهانی لە هەوڵی دروست كردنی لۆبی بۆ پالپشتی كردنی سەربەخۆیی كوردستانن, نوسەر و مافناسێكی ئیسرائیڵی دەلێت:”لەڕێی لۆبی جولەكەوە گوشاردەخەینەسەر ئەمریكا بۆئەوەی پشتیوانی دروستبونی دەوڵەتی كوردستان بكات”.
ئیدی كۆهین نوسەر و مافناسی ئیسرائیلی و دامەزرێنەری رێكخراوی “فوروم كیدیم” بۆ مافەكانی مرۆڤ دەلێت:” دۆخی كوردستان، دۆخێكی زۆر هەستیارە، پاش مانگێك و چەند رۆژێكی دیكە ریفراندۆم دەبینین، ئەو ریفراندۆمەش مێژووییە بۆ رێككردنەوەی هەڵەیەكی مێژووییە، كە زیاتر لە 100 ساڵ لەمەوبەر رویداوە. بەداخەوە هەندێك حكومەتی وڵاتان هەن دەیانەوێت ئەو ریفراندۆمە پەكبخەن، وەك حكومەتی عیراق دەیەوێت پەكیبخات، ئێرانی دوژمن هەوڵدەدات گرفت بۆ ریفراندۆمەكە دروست بكات، لەڕێی پیاوەكانیەوە لە كوردستان و شانە نوستوەكانی لە زۆرێك لە ناوچەكان ئەو هەوڵە دەدات. هەروەك توركەكان هەوڵدەدەن كێشە بۆ ریفراندۆمەكە دروست بكەن. بۆیە ریفراندۆم قۆناغێكی زۆر هەستیارە.
سەرۆكی رێكخراوی فوروم كیدیم دەشلێت:” یەكەم؛ دەوڵەتی ئیسرائیل و جولەكەش لە ساڵانی 50 و 60ەكانی سەدەی رابردوەوە پەیوەندی مێژوویمان لەگەڵ گەلی كورد هەیە. ئێمە یەكەمین لایەن بوین پشتیوانی و پشتگیری گەلی كوردمان كرد، هاوكاری مەلا مستەفامان كرد لە ساڵانی 60ی سەدەی رابردودا، چەكمان پێدا و مەشق و راهێنانمان بە پێشمەرگە كرد تا روبەڕوی عیراقی دوژمن ببنەوە.
دووەم؛ سەرۆكی حكومەتی ئیسرائیل لەم دوایانەدا بە ژمارەیەك كۆنگرێسمانی ئەمریكای راگەیاند، كە دەوڵەتی ئیسرائیل بە بەهێزی پشتیوانی سەربەخۆیی كوردستان دەكات. بەرژەوەندیمان لەوەدایە دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان بێتەئاراوە.
هەروەها دەیان هەزار كوردی جولەكە هەن لە عیراق دەركراون و لە ئیسرائیل دەژین، دەیانەوێت پەیوەندی ئاساییان هەبێت لەگەڵ نیشتمانی دایكیان، كە كوردستانە.
واتە ئێمە لە ئیسرائیل، حكومەت و گەل بە بەهێزی پشتیوانی دەكەین نەك تەنها لە ریفراندۆم، بەڵكو لە سەربەخۆیی كە بارزانی پشت بە خوا لە نزیكترین كاتدا رایدەگەیەنێت.
ئەو نوسەرەی ئیسرائیلی دەلێت:” بەڵێ…هەموو ئیسرائیل لەگەڵ سەربەخۆی كوردستانە, من گوێم لە یەك جولەكە نەبووە یاخود یەك ئیسرائیلی نییە بڵێت: نا بۆ ریفراندۆم یاخود نا بۆ سەربەخۆیی كوردستان. ئێمە لە ئیسرائیل حزبی ئۆپۆزسیۆن و حزبی فەرمانڕەوا و خاوەن بۆچونی جیاوازیشمان هەیە، بەڵام بە تایبەتی لەم بابەتەدا 100% پشتگیری لە ریفراندۆم دەكەن. نەك 99% بەڵكو دەڵێم 100%.
هەروەها گوتیشی دەوڵەتی كوردستان:” دەبێتە دەوڵەتێكی دیموكراسی و ماف بە هەموو هاووڵاتیانی دەدات، دەوڵەتێك دەبێت كە عەلمانی دەبێت و توندڕەو نابێت، درەوشاوە دەبێت لەم ناوچەیەدا، كە تاریكی باڵی بەسەردا كێشاوە و بەمدواییانەش داعش.
پێویستە كۆمەڵگەی خۆرئاوا پشتیوانی و پشتگیریتان بكات، هەموو ئاسانكارییەكتان بۆ بكەن بۆئەوەی دەوڵەتە سەربەخۆكەتان دابمەزرێنن. هەروەك دەبێت ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا و پارتی كۆمارییەكان، كە من دەزانم و بەمدواییانە قسەم لەگەڵ ژمارەیەكیاندا كردوە، پشتیوانی دۆزی كورد دەكەن و بە توندی پشتگیری لەو سەربەخۆییە دەكەن.
بۆیە پێویستە سەرجەم ئەو وڵاتانە و بە تایبەت وڵاتە ئەوروپییەكانی وەك فەرەنسا و بەریتانیا و ئەمریكا سەرجەم پشتیوانییە لۆجیستی و داراییەكانتان بۆ دابین بكەن، تا ئەم قۆناغە سەختە بە پشتیوانی خوای گەورە تێپەڕێنن.