چه‌ند زانیاریه‌ك له‌باره‌ی ته‌قینه‌وه‌ی دوێنی شه‌وی شاری هه‌ولێر ئاشكرا ده‌بێت

به‌پێی راگه‌یاندراوێك كه‌ وێنه‌یه‌كی بۆ خواكوڕك نێردراوه‌، فه‌رمانده‌ی پێشمه‌رگه‌ی زێره‌ڤانی تەقینەوەکەی شەوی ڕابردوو لە کۆگایەکی ناو بارەگای فەرماندەیی زێرەڤانی ڕوو داوە کە بەشێک لە تەقەمەنییەکانی داعشی تێدا بووە و پێشتر بە مەبەستی نمایشکردن و کاری تاقیکردنەوەی سەربازی بەکار هێندراون.

هەموو لایەکیش لەوە دڵنیا کراونەتەوە کە ڕووداوەکە لە کردەوەی تیرۆریستییەوە دوورە و هۆکارەکەی ئەوە بووە کە ئه‌و ته‌قه‌مه‌نییانه‌ له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ به‌پێی ستاندار و له‌سه‌ر بنه‌مای زانستی درووست نه‌كراون. ئاشکراش کراوە: ”بڕیارمان دا له‌هه‌ر شوێنێك ده‌ستكه‌وتی له‌و شێوه‌یه‌ هه‌ڵگیرابێ، له‌ناویان به‌رین، چونكه‌ ئه‌گه‌ری دووباره‌ بوونه‌وه‌ی حاڵه‌تی له‌و شێوه‌یه‌ی لێده‌كرێت“.

ئەمەش دەقی ڕاگەیاندراوەکەیە:

ڕاگه‌یه‌نراوێك له‌ فه‌رمانده‌یی پێشمه‌رگه‌ی زێره‌ڤانییه‌وه‌

كاتژمێر 10ی شه‌وی شه‌ممه‌(26-8-2017) له‌ كۆگایه‌كی ناو باره‌گای فه‌رمانده‌یی پێشمه‌رگه‌ی زێره‌ڤانی كه‌ به‌شێك له‌ده‌ستكه‌وته‌ ته‌قه‌مه‌نییه‌كانی داعشی تێدا هه‌ڵگیرابوو ئاگر كه‌وته‌وه‌ كه‌ به‌مه‌به‌ستی  نمایش كردن  و كاری تاقیكردنه‌وه‌ی سه‌ربازیی به‌كارده‌هێنران و له‌ ئه‌نجامدا به‌شێكی زۆریان سووتان.

هه‌موو لایه‌ك دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ ڕووداوه‌كه‌ دووره‌ له‌ كرده‌وه‌ی تیرۆریستی و هۆكاری كه‌وتنه‌وه‌ی ئاگره‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ ئه‌و ته‌قه‌مه‌نییانه‌ له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ به‌پێی ستاندار و له‌سه‌ر بنه‌مای زانستی درووست نه‌كراون. هه‌روه‌ها بڕیارماندا له‌هه‌ر شوێنێك ده‌ستكه‌وتی له‌و شێوه‌یه‌ هه‌ڵگیرابێ له‌ناویان به‌رین چونكه‌ ئه‌گه‌ری دووباره‌ بوونه‌وه‌ی حاڵه‌تی له‌و شێوه‌یه‌ی لێده‌كرێت.

ڕاگه‌یاندنی فه‌رمانده‌یی پێشمه‌رگه‌ی زێره‌ڤانی

27-8-2017

Back to top button