قۆناغی گفتوگۆی سەربەخۆیی چۆنە؟

سەرۆ قادر
وەک دەردەکەوێ، بڕیاری سەرکردایەتی سیاسیی کوردستان سەبارەت بە سەربەخۆییی، گەیشتە قۆناغێک گفتوگۆ لەسەر کاتی دەکرێ.
 
کەواتە خودی نیازەکە و شەرعییەتی قبوڵ کراوە. وڵاتە زلهێزەکان(بە هەر پێنج ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشەوە) بەتایبەتی ئەمریکا، ڕایانگەیاندوە کە لە ڕەوایی خواستی کوردستانیان بۆ سەربەخۆیی تێدەگەن و لەگەڵیشی هاوسۆزن بەڵام بە مەرجێک لە شەڕی لەناوبردنی تیڕۆڕ سارد نەکاتەوە، هەروەها کێشەی نوێ لە ناوچەکە دروست نەکات.
 
لە ئەنجامی سەردانی شاندی کوردستان بۆ بەغدا، لەوێش فایلی گفتوگۆ لەسەر خواستی سەربەخۆیی کراوەتەوە. هێزە عێڕاقییەکان(وەک باس دەکرێ) سێ ڕای جیاوازن:١- هەیە لە پرسی سەربەخۆیی تێدەگات و بە مافی کوردستانیشی دەزانێ بەڵام منگەیەکیان دێ. ٢- سوننەکانی عەرەب پاراستنی خۆیان لە کوردستانێکی بەهێزدا دەبیننەوە. لەوەشدا هەندێک قسەیان هەیە. ٣- هەیانە تایفی و شۆڤێنیستە و خۆی بە ستڕاتیژی ئێران گرێداوە. ئەوانە هەوڵدەدەن بشێوییەک بنێنەوە، بەڵام گوێش بۆ ڕای کوردستان ڕادەگرێ.
ئێران و تورکیا بە ئامانج و بەرژەوەندی جیاواز، لەودیو هەڕەشەکانیانەوە، بواریان بۆ قسەکردن لەگەڵ سەرۆکایەتی کوردستان(بە سەرپەرشتی سەرۆک بارزانی) هێشتۆتەوە. تورکیا زۆر لە خەمی بەرژەوەندییە ناوچەییەکانی خۆیدایە کە کلیلیان لە کوردستانە. ئێران پڕکێشی شەڕیش دەکات بەڵام دەزانێ ناتوانێ داخلی کوردستان بێت بۆیە گرنگییەکی زۆر بە هێزە هاوپەیمانەکانی خۆی دەدات چ لە عێڕاق یان لە کوردستان بن.
 
وەزیری جەنگی ئەمریکا(ماتیس کە بە دۆستی کورد ناسراوە) هاتە کوردستان و دوای کۆبوونەوەیەکی ڕاشکاو لەگەڵ سەرکردایەتی کوردستان: ڕایگەیاند ئەمریکا و کوردستان لە هاوپەیمانی بەردەوام دەبن. لە گەرانەوەیدا لە فڕۆکەخانەی هەولێر وێنەیەکی یادگاری لەگەڵ ستافی تەشریفاتی سەرۆکایەتی کوردستان گرت و بە سەرۆکی ستافەی گوتوە: سەرۆکێکی باش و گەورەتان هەیە، ئاگاتان لێی بێت(واتە بارزانی).
نەتەوە یەکگرتوەکان و یەکێتی ئەوروپا بەجددی بەدوای چارەسەریدا دەگەڕێن. بارزانیش دەڵێ هەر چارەسەرییەک نابێتە جێگرەوەی ڕیفڕاندۆم تەنیا ” پەیمانێکی نێودەوڵەتی ڕوون کە کات و داننان بە ئەنجامی ڕیفڕاندۆم دیاری بکات“ نەبێت. ئەوەش بە مەرجێک پێش 25 ئەیلول ڕابگەیەندرێت، ئەگینا ڕیفڕاندۆم لە کاتی خۆیدا ئەنجام دەدرێت.
 
تەبایی نێوان هێزەکانی کوردستانی بەرەو باشتر دەچێت و قەرێنەکان وان کە لەم دوو هەفتەیەدا گۆڕان و کۆمەڵێش بێنە ناو پڕۆسەکە.
 
پێویستە بزانین لە قۆناغی یەکەم و بانگەوازی سەربەخۆیی دەرچووین و داخلی گفتوگۆی عێڕاقی و نێودەوڵەتی بووین. سەرۆک بارزانی نەخشەیەکی واقعی دارشتوە و بە بوێریەکی ستایشهەڵگر ڕایدەپەڕێنێ. پیویستە هەموو دەنگ و رەنگەکان، بە هەموو جیاوازییەکانەوە، بۆ سەربەخۆیی پشتیوانی سەرۆک بارزانی بکەن. ڕێگای ترمان نیە. ئەم ڕێگایەش پڕ شانازییە.
 
Back to top button