بزووتنەوەی گۆڕان لە كەناڵی NRTهاتە دەنگ دەلێن بێلایەن نیە

لەگەڵ ئەوەی لە ماوەی رابردوو كارەكانی كەناڵی NRTبەر گومان بووە, چەندین جار لە لایەن شرۆڤەكارانی بواری میدیاو لایەنە سیاسیە جیاوازەكان خراونەتە بەر رەخنە, لە دواهەمین هەڵوێستی گۆڕان لە زاری ئەندامێكی پەرلەمانی ئەم حزبە دەلێت:” كەناڵی (NRT) بێلایەن نییە و لەوەتەی ڕەوتی (نەخێر) دروست بووە، زیاتر ئەو ڕاستییە دەركەوتووە.

بەھار مەحموود، پەرلەمانتاری كوردستان لە فراكسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان، رایگەیاندووە, ئێستا پێیوایە كەناڵەكە بێلایەن نییە گوتیشی: “ھەرچەندە پێشتر پێم وابوو كەناڵی (NRT) كەناڵێكی بێلایەنە، بەڵام لەوەتەی جووڵانەوەی (نەخێر) دروست بووە، كەناڵەكە بانگەشە بۆ گرووپی (نەخێر) دەكات، بۆیە وەك تاكێكی ئەم كۆمەڵگایە دەبینم كەناڵەكە زیاتر گرنگی بەو لایەنە دەدات”.

پەرلەمانتارەكەی گۆڕان، ئاماژەی بەوەش دا كە كاتێك لە كۆنفرانسی تایبەت بە میدیا و ڕیفراندۆم بەشداری كردووە، ئەو ڕەخنەیەشی ئاراستەی (شاسوار عەبدولواحید) خاوەنی كەناڵی (NRT) كردووە، دەشڵێت: “ڕەخنەكەش، ڕەخنەیەكی بوونیاتنەرانە بوو”.

جەختیشی لەوە كردەوە كە بەھۆی ئەو بێلایەن نەبوونە، ئێستا پێی خۆش نییە بابەتەكانی لەو كەناڵەدا بڵاو بكاتەوە.
چەند ھەفتەیەك لەمەوبەر، شاسوار عەبدولواحید، خاوەنی گرووپی كۆمپانیاكانی نالیا و كەناڵی (NRT)، گرووپی (نەخێر لە ئێستادا)ی راگەیاند، بۆ دژایەتی كردنی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان و كەناڵەكەشی بانگەشە بۆ ئەو گرووپە دەكات.

Back to top button