شیوعی: گۆڕان ناتوانێت ناسنامەی نیشتمانی و ھەق و ناھەق بەسەر ھێزە سیاسییەكاندا دابەش بكات

لەگەڵ ئەوەی پارتی دەست پێشخەری زەمینە سازی بۆ ئاشتەوای سیاسی لە هەرێم راگەیاند بۆ ئەم مەبەستە لە سەر ئاستی شاندێكی باڵا سەردانی بزووتنەوەی گۆڕانی كرد, كە لە میانەی گفتوگۆكانیان شەش خاڵی ئاراستەی سەركردایەتی سیاسی ئەم بزووتنەوەیە كرد, بەڵام تا ئێستا گۆڕان ئامادەی جێبەجێكردنی هیچ كام لەم خاڵانە نیە كە تێدا باس لە كاراكردنەوەی پەرلەمان كراوە.
ھەندرێن ئەحمەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان پەیوەست بەم پرسە ڕایگەیاندووە: “پێشتر بزووتنەوەی گۆڕان داخوازی كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستانی ھەبوو، بەڵام ئەمڕۆ لە ڕوانگەی بەرژەوەندیی تەسكی حزبییەوە كۆمەڵێك مەرجی بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان داناوە، لە كاتێكدا كوردستان بە قۆناغێكی ھەستیاردا تێدەپەڕێت، بۆیە ناكرێت بەرژەوەندیی تەسكی حزبی بەسەر بەرژەوەندیی نیشتمانیدا زاڵ بێت”.

ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسیی حزبی شیوعی ڕوونیشی كردەوە، داخوازیی گشتیی ھێزە سیاسییەكان بۆ ئیدارەكردنی سیاسی و ململانێی سیاسی لە ھەرێمی كوردستان، گفتوگۆی ئەرێنییە لە نێوان ھەموو ھێزە سیاسییەكان، ھەروەھا ئەگەر پرۆژەیەكیش ھەبێت، ”پرۆژەی ھەموو ھێزە سیاسییەكان دەبێت، بۆیە من پێم وایە مەرجە شەخسییەكانی بزووتنەوەی گۆڕان ڕێگری درووست دەكات”.

ھەندرێن ئەحمەد، باسی لەوەش كرد، چاككردنی بژێویی خەڵكی كوردستان داوای یەك ھێزی سیاسیی نییە، بەڵكوو داخوازی ھەموو ھیزە سیاسییەكانی كوردستانە، بابەتی چاككردنی بژێوی خەڵكی كوردستانیش جیاوازە لە بابەتی ڕیفراندۆم و پرسە نیشتمانییەكان، بۆیە ئەگەر بژێوی خەڵك خراپ بێت، ئەوا ئەو حكوومەتە لێی بەرپرسیارە كە تا ئێستاش بزووتنەوەی گۆڕان تێیدا بەشدارە و نەكشاوەتەوە، تا ئێستا گۆڕان ھەڵوێستێكی ڕوونی نییە، ئەوەی ھەیە تەنیا وەك دروشم مامەڵەی لەگەڵ كراوە”.

جەختیشی لەوە كردەوە كە گۆڕان ناتوانێت ناسنامەی نیشتمانی و ھەق و ناھەق بەسەر ھێزە سیاسییەكاندا دابەش بكات. گوتیشی: ”تەنیا بۆی ھەیە باس لە بۆچوونی سیاسیی خۆی بكات، بۆی نییە بە لایەنە سیاسییەكان بڵێ ھەڵەن یان ڕاستن، بۆ ھەر شتێكیش پێكھاتە و خەڵكی كوردستان حكوم دەكات، ئێستاش زۆرینەی خەڵكی كوردستان لەگەڵ كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستاندان”.

Back to top button