ئیدارەی جەلەولا: بەشداریی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان دەكەین

لەگەڵ ئەوەی پێشوتر چەند ناوچەیەك كە دەكەونە ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم, لە رێگای نوسراوی فەرمی رایانگەیاندووە كە بەشداری لە ریفراندۆمی سەربەخۆی كوردستان دەكەن, لە دواهەمین كۆیوونەوەی ئیدارەی شارەدێی جەلەولا لە شارۆچكەی خانەقین رایدەگەیەنێت، كە ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان لە شارەدێكەی ئەوانیش ئەنجام دەدرێت و بەشداریی دەكەن.
بەپێی نووسراوێكی ئەنجومەنی خۆجێی شارەدێی جەلەولا، كە واژۆی جەلیل محەمەد رەشید، سەرۆكی ئەنجومەنەكەی لەسەرە، هەموو ئەندامانی ئەنجومەنەكە بە كۆی دەنگ بڕیاری بەشداریكردنیان لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان، داوە.
ئەنجومەنەكە ئاماژەی بەوەش كردووە، كە ئەو بڕیارەی ئەوان بۆ رێزگرتنە لە خوێنی پاكی شەهیدانی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان و ئاسایش، كە گیانی خۆیان بۆ رزگاركردنەوەی شارەدێی جەلەولا كردە قوربانی.
لە مانگی حوزەیرانی 2014، بەهۆی شكستی سوقپای عێراق و خۆڕانەگرتنی هێزەكانی ئەو سوپایە لەبەرامبەر چەكدارانی رێكخراوی تیرۆریستی داعش، ئەو رێكخراوە شارەدێی جەلەولای داگیر كرد.
دوای ماوەیەكی كەم، هێزەكانی پێشمەرگە و ئاسایشی كوردستان شارەدێی جەلەولا و ناوچەكانی دەوروبەریان رزگار كردەوە و توانییان لەو سنوورە شكست بە داعش بهێنن.
لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆك وەزیرانیی نوری مالیكی، دوای هەرەس هێنان و شكستی سوپای عێراق، شارەدێی جەلەولا لە خانەقین، شارۆچكەی حەویجە لە پارێزگای كەركووك و شاری شنگال و زۆربەی ناوچەكانی پارێزگاكانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەكدارانی رێكخراوی توندڕەوی داعش داگیر كران.

 

Back to top button