كەركوك و ڕیفراندۆم
مەسعود مەلا پەروێز
هەر لە دوای دەركردنی یەكەم بەرمیلی نەوت لەساڵی 1927 لە چاڵە نەوتیەكانی باوە گوڕگوڕ ، ئیتر لەو كاتەوە ئەو شارە كوردستانیە بووە شاری ململانێی سیاسی لە نێوان دەسەڵاتدارانی بەغدا و سەركردایەتی كورد ، بۆیە دەسەڵاتدارانی بەغدا هەر لەگەڵ دروست كردنی یەكەم حكومەتی عێڕاق بە هەموو توانای دارایی و سەربازی خۆی هەوڵی تەعریب كردنی ئەم شارەی داوە, لە ساڵی 1936 پڕۆژەی ئاودێری حەویجەیان دروست كرد هۆزە عارەبەكانی شارەكانی ناوەڕاستیان بۆ ئەم مەبەستە هێنایە كەركوك ، هەروەها ساڵی 1963 گەورەترین پڕۆسەی تەعریب كردن لە نزیك چاڵە نەوتیەكانی سنووری دوبز تا كەركوك دەستی پێكرد كە دەركردنی كوردە گوند نشینەكان بوو و ماڵ و حاڵیان بەتاڵان بردن و زەوی و زاریان داگیركردن، بۆیە هەمیشە كەركوك خاڵی ناكۆكی نێوان سەركردایەتی كورد و دەسەڵاتدارانی بەغدا بووە ، بۆیە هەمیشە دوایشكستی هەر عان و ساتێك بە شێوەیەكی توندتر حكومەتی عێڕاق دەستی كردووە بە تەعریب كردن و دەركردنی خەڵكە ڕەسەنەكەی شاری كەركوك .
دوای پڕۆسەی ڕزگار كردنی عێڕاق كەركوك دیسانەوە بووە جێی مشتومڕی نێوان كورد و بەغدا بۆیە مادەیەكی دەستووری دانرا بۆ كەركوك ناوچە كوردستانیەكانی دەروەی ئیدارەی هەرێم ، بەڵام بەغدا هەمیشە خۆی لە جێبەجێكردنی ئەو مادە دەدزیەوە ، یەكێك لە خاڵەكانی مادەی 140 ئەویش راپرسیە لە سەر ئایندەی كەركوك بۆیە ئێستا كە باسی ڕاپرسی دەكرێت مافێكی ڕەوای خەڵكی كەركوكە كە بڕیار لە سەر ئایندەی خۆیان بدەن و بڕیار لەسەر ئەوە بدەن كە چۆن كەركوكییە ڕەسەنەكان ڕووبەڕووی تەعریب و دەركردن بوونەوە بە هەموو شێوازێك ئێستایش ، دەبێ بڕیاری خۆیان بدەن و مافی خۆیان وەرگرنەوە لە ڕێگەی ڕاپرسی و گەڕانەوەی ماف بۆ خاوەن ماف