دوو وەزیرە فەڕەنسیەکە چیان بە بارزانی گووت؟

 

ئاسۆ حاجی

 

فەڕەنسیەکان و بە تایبەتیش مەدام میتێڕان و هەڤاڵ و هاوکارانی و لە هەموشیان زیاتر هاوسەرەکەی سەرۆک فڕەنسوا میتێڕان بە دروستکەری ئەو دیفاکتۆیە سیاسیەی لە ساڵی 1991 وە لە باشوری کوردستان دروست بووە و لە ساڵی 1992 وە ناوی هەرێمی کوردستانی لێندراوە،سەرۆک میتێڕان هۆکاری سەرەکی دەرکردنی بڕیاری 688 ی ئەنجوومەنی ئاسایش بوو کاتێک بە سەرۆکی ئەمەریکا و سەرکردە ئەوروپیەکانی ڕاگەیاند کە ئەگەر فەڕەنسا بە تەنیاش بێت ئەوە بە هانای ئەو میللەتەوە دەچێ کە خەریکە لە سەر سنوورەکانی ئێران و تورکیا جارێکی دیکە لەلایەن سوپای عێڕاقیەوە جینۆساید دەکرێ،پێشی گووت بوون کە تا ڕادەی بەکارهێنانی هێز و دروست کردنی دەوڵەت لەگەڵ گەلی کوردستان دەبێت.

مەدام میتێڕان لە دوا سەردانیدا بۆ کوردستان ئەو قسانەی بۆ کردم و پاشان بەڕێز بێرنارد کۆشنێر وەزیری پێشووتری دەرەوەی فەڕەنسا هەمان شتی پێگووتمەوە و بەڕێز فرێدریک تیسۆ کۆنسلی گشتی پێشووتری فەڕەنسا لە هەرێمی کوردستان چەندین جار ئەوەی بۆ باس کردوم کە چۆن مەدام میتێڕان دوای چوونی بۆ ناوچەی حاجی ئۆمەران و بینی ئەو خەڵکە و مەترسیەکانی کە لە ئارادا بوون چۆن لەگەڵ سەرۆک میتێڕان هەوڵیداوە کە بەبێ پاڵپشتی نێودەوڵەتی ئەو میللەتە قڕدەکرێن و ئەو کات قسەکردن مانایەکی نامینێ.

مەدام میتێڕان بۆی گێڕامەوە کاتێک بۆ دیداری بارزانی و بەسەرکردنەوەی ڕەوشی ئەو خەڵکەی لە سەر سنووری ئێران گیریان خواردبوو لە کۆڕەوەکەدا لە ڕێگای ئێران خۆی گەیاندبووە سنووری حوجی ئۆمەران کە چەند ئەفسەرێکی ئێرانی یاوەریان دەکرد گووتی کە گەیشتمە سەر سنوور ئەفسەر ئێرانیەکان پێیان گووتم نابێ لەو هێلە زیاتر تێبپەڕی و نابێ سنوور ببەزێنی گووتی منیش هەر دەمگووت من هیچ سنوورێک نابینم تا گەیشتمە ناو خەڵکە ڕاکردوەکە و کارەساتەکەم بە چاوی خۆم دیت و لەوێ بارزانیم بینی و بەڵێنی هەموو شتێکم پێدا کە لە توانام داهەبێ بۆ گەلی کوردستانی بکەم.

سەرۆکەکانی فەڕەنسا ئەوانی دوای سەرۆک میتێڕان هاتوون جگە لە شیڕاک کە بەهۆی دۆستایەتی تایبەتی لەگەڵ سەدام ئەگەر نا هەموویان رێبازەکەی سەرۆک میتێڕانیان تەواو کردووە و بەڵێنەکەی مەدام میتێڕانیان بەجێ‌ هێناوە کە لە سەردەمی سەرۆک ئۆلاند پەیوەنیەکانی فەڕەنسا و هەرێمی کوردستان گەیشتە لوتکە و وەک یەکەمین سەرۆک وڵات سەردانی هەولێری کرد و سەنگەرەکانی پێشمەرگەی بە سەرکردەوە و بەڵێنی هاوکاری و پاڵپشتی کوردستانی دا.

فەڕەنسیەکان کە تا ئێستا بەو شێوەیە لەگەڵ هەرێمی کوردستانیان هێناوە لەو قۆناغە هەستیار و چارەنووس سازەدا بە دڵنیایەوە پشت لە گەلی کوردستان ناکەن و بۆ سەرخستنی ڕیفراندۆم و گەیشتن بە سەربەخۆیی پاڵپشت و ڕێخۆشکەر دەبن.

یەکەمین جار فەڕەنسیەکان لە کۆتایی ساڵەکانی سەدەی هەژدە بۆ یەکلایی کردنەوەی کێشەی دوو هەرێم و دوو میللەت کە گرفتیان لەگەڵ پاریس هەبوو پەنایان بۆ ئەنجامدانی ڕێفراندۆم برد تا خەڵکەکەی بریار لە چارەنووسی خۆیان بدەن ئایا لەگەڵ فەڕەنسا دەمێنەوە یان دەچنە سەر سویسڕا و ئیتالیا.

بە ڕوانین لە مێژووی شۆڕش و خەباتی گەلی کوردستان کە لە سەت ساڵ زیاترە بۆ گەیشتن بە مافە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکانی کۆڵی نەداوە و بە هەزاران شەهیدی بەخشیوە هەندێک کەس ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بە پێویست نابینن و ڕایان وایە دەبوایە باشوری کوردستان یەکسەر سەربەخۆیی رابگەینێ کە ئەوە ڕایەکی لۆژیکیانە و واقیعیانەیە،بەڵام بۆ سەرکردایەتی سیاسی هەرێمی کوردستان بڕیاریان دا لە ڕێگای ڕیفراندۆمەوە ئەو کارە بکەن ؟

حکومەتی فەڕەنسا و دامەزراوە سیاسی و کەسایەتیە کاریگەرەکانیان نزیکترین بوون لە هەرێمی کوردستان و سەرکردایەتی سیاسی بۆیە بە لێکدانەوەی ڕووداوەکانی بیست و شەش ساڵی رابردوو و هەڵویستە ئەرێنیەکانی وڵاتی فەڕەنسا فکرم بۆ ئەوە دەچێ کە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و خۆ یەکلایی کردنەوەی گەلی کوردستان لەگەڵ عێڕاق و بڕیاردان لە چارەنووسی خۆیان بە گرتنەبەری ئەو میکانیزمە ئاشتیانە بیرۆکەی فەڕەنسیەکان بێت کە باشترین و ئاسانترین و بێ ترسترین ڕێگایە چونکە هەموو یاسا و ڕێسا و جاڕنامە نێودەوڵەتیەکانی مافی مرۆڤ و میللەتان پاڵپشتی لەو مافە دەکەن و هیچ دەوڵەت و دامەزراوەیەک ناتوانن ڕێگری لێبکەن.

لەوەتەی سەرۆکایەتی هەرێم و سەرکردایەتی سیاسی کوردستان بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆمیان لە 25 ی سپتێمبەر داوە فەڕەنسا بیدەنگترین ولاتە کە تەنانەت خۆی لە لێدوانی دپلۆماتیش بە دوور گرتووە کە بۆنی دژایەتی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم یان سەربەخۆیی لێبێت بۆیەشە لە دوا سەردانی وەزیری دەرەوە و وەزیری بەرگری فەڕەنسا تەنها بەردەوامی گفتگۆی نێوان هەولێر و بەغدایان بە پێویست دانا کە ئەوەشیان لە خزمەتی بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم و هێورکردنەوەی بەغدا و دەرفەت نەدان بە بەکارهێنانی زمانی هەڕەشە و ترساندنی خەڵک دەکرێ کەلکی لێوەربگیرێ بە تایبەتیش کە هەرێمی کوردستان دەیەوێ جۆر و شێوازی پەیوەندیەکانی لەگەڵ بەغدا بگۆڕێ لە پەیوەندی نێوان گەلێکی ژێر دەستە و گەلێکی سەردەستە یان نێستیمانێکی داگیرکراو و نیشتیمانێکی داگیرکەر بۆ پەیوەندی نێوان دوو میللەتی ئازاد و دوو نیشتیمانی سەربەخۆ بگۆڕدێت و بڕیاری سەربەخۆیی ببێتە هۆکاری باشتر بوونی پەیوەندیەکان نەک قووڵکردنەوەی دوژمنایەتیەکە و هێنانی کارەساتی زیاتر بۆ هەردوولا.

هەردوو وەزیری فەڕەنسی کە دوای وەزیری بەرگری ئەمەریکا و وەزیری دەرەوەی تورکیا و نوێنەرانی ولاتانی بەریتانیا و ئەلمانیا و ژاپۆن و چین و وڵاتانی دیکە بۆ هەرێمی کوردستان سەردانی هەولێریان کرد و لەگەڵ بەرپرسان کۆبوونەوە لە کۆتایی هێنان بە قۆناغێکی دیکە دەچوو کە قۆناغی هاندانی هەولێر و بەغدایە بۆ ئەوەی بە هێمنی و دوور لە هەڕەشە و فشاری وڵاتانی ئیقلیمی گفتۆگۆ دەربارەی قۆناغی دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم قسە بکەن و لەیەک تێبگەن ئەوەش لە لێدوان و هەڵوێستی نوێنەر و کاربەدەستانی باڵای هەموو ئەو وڵاتانەی بارزانیان بینیوە هەستی پێدەکرا کە کۆتایی هاتنی ئەو قۆناغە بۆ دەست پێکردنی قۆناغێکی دیکەمان دەبات.

قۆناغی داهاتوو کە لەوە دەچێ لە چەند رۆژی داهاتوودا دەست پێبکات بە تەواوکردنی یەکەمین هەنگاوی بارزانی و ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم دەبێت کە دوای بڕیاردانیان بە ئەنجامدانی ڕێفراندۆم لە بەلجیکاوە دەستیان پێکرد ڕەنگە لەوێوە یان وڵاتێکی دیکەی ئەورپی تەواوی بکەن، بە لێڕامان و لێووردبوونەوە فەڕەنسا لە وڵاتانی دیکە زیاتر بە نزیک دەبیندرێ لە بەر هەموو ئەو هۆکارانەی باسمکردن و لەبەر ئەوەش کە فەڕەنسا چۆن بۆ یەکەمین هەنگاو پاڵپشت و هاندەر بووە بۆ دوا هەنگاوی بەر لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆمیش دەیەوەێت هەر لەو خانەیە بمێنێتەوە و خۆی وەک خودانی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی باشوری کوردستان بە جیهان و بە گەلی کوردستان بناسێنێ.

ئەو لێکدانەوەیە بۆ ئەوەم رادەکێشێ کە وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا و وەزیری بەرگری فەڕەنسا بە ئارەزوو و ئامادەیی سەرۆک ماکڕۆنیان گەیاندبێتە سەرۆک بارزانی بۆ ئەوەی لە کۆشکی ئەلیزێ هەر دوو سەرۆک باس لە قۆناغی نێوان ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و ڕگەیاندنی سەربەخۆیی بکەن هەروەها ترسی وڵاتانی دیکەش بشکێنن تا چاو لە فەڕەنسا بکەن و هەمان هەنگاو بۆ دەستباریکردنی گەلی کوردستان بهاوێژن تا دەچێتە نێو لیستی گەڵانی ئازاد و دەبێتە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆ.

Back to top button