بارزانی ئامانجەكانی سەردانەكەی راگەیاند
خواكوڕك
ئەمرۆ چوارشەممە 24ی 8ی 2016، مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەمیانی سەردانەكەی دا بۆ توركیا و كۆبوونەوەو و بابەتەكانی سەردانەكەی لەگەڵ سەرۆك كۆماری توركیا و سەرۆك وەزیرانی توركیا، لەمیانی كۆنگرەیەكی دا لەتوركیا كە راستەوخۆ میدیاكان گواستیانەوە، رایگەیاند، بارودۆخی ناوچەکە هەستیارە و گۆڕانکاریی گەورە بەڕێوەیە.
مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە شاری ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا، ئاماژەی بەوە کرد کە لەسەر داخوازیی ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆک کۆماری تورکیا، سەردانەکەی ئەنجام داوە. گوتیشی: ”دوێنێ کۆبوونەوەی زۆر گرنگمان لەگەڵ سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران و بەرپرسانی دیکەی تورکیا هەبووە، ئێستا کاتێکی هەستیارە بۆ هەموو لایەک، دەرفەتێک بوو بۆ ئەوەی باسی هەموو بابەتەکان بکەین“.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەوەشی ڕوون کردەوە کە پیرۆزبایی لە بەرپرسانی باڵای تورکیا کردووە، بە بۆنەی سەرکەوتنیان بەسەر کودەتاکەی تورکیا و سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانییانی ڕووداوەکان کردووە. جەختیشی لەوە کردەوە کە باسی پەیوەندیی دووقۆڵی لە بواری ئابووری، سیاسی و ئەمنی کراوە و باسی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و بەغدا کراوە.
هەر لەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا، بارزانی تیشکی خستە سەر ئەوەی کە لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا هاوڕابوون سەبارەت بەوەی، لە ڕاوێژکردن و قووڵکردنەوەی پەیوەندییەکانی هەردوولا لە سەرجەم بوارەکان بەردەوام بن. ڕاشیگەیاند: ”شەڕی داعش یەکێک بوو لە تەوەرە هەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆمان، گوتمان کە چۆن هاوکاربین لە ڕوبەڕووبوونەوەی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە، چونکە گۆڕانکاریی گەورە لە ناوچەکە بەڕێوەیە و پێویستە هەماهەنگیمان هەبێت“.
لە بارەی پرۆسەی ئاشتی لە نێوان کوردستانی باکوور و تورکیا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد: ”پرۆسەی ئاشتی گرنگە، بەڵام لەوە دەچێت هێشتا کار و کاتی زیاتری بوێت، ئێمە بێ ئومێد نین و لە هەوڵەکانمان بەردەوام دەبین، بەڵام لە ماوەی ڕابردوو شتی ناخۆش ڕووی داوە، ئومێدەوارین ڕۆژێک بێت پرۆسەی ئاشتی دەست پێ بکاتەوە“.
ئەوەشی ئاشکرا کرد، سەبارەت بە قوتابخانەکانی سەر بە کۆمەڵەی فەتحوڵا گولەن، لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا لەسەر ئەوە ڕێککەوتوون کە لە چارەسەرکردنی کێشەکەدا، زیان بە قوتابییانی هەرێمی کوردستان نەکەوێت.