ته‌واوی زانیاریه‌كان له‌سه‌ر ئۆپۆراسیۆنەکەی (میت)ی تورکیا له‌سلێمانی ئاشكرا ده‌بێت

پاش ئه‌وه‌ی به‌هرۆز گه‌لالی نوێنه‌ری یه‌كێتی له‌ ئه‌نقه‌ره‌، له‌لایان حكومه‌تی توركیا ره‌وانه‌ی هه‌رێمی كوردستان كرایه‌وه‌ و نوێنه‌رایه‌تیه‌كه‌یان پێداخست، هه‌واڵی رفاندنی دوو كارمه‌ندی ده‌زگای میتی توركیی له‌لایان په‌كه‌كه‌وه‌ له‌سلێمانی له‌سه‌ر زاری چه‌ند شایه‌د حاڵێك و به‌رپرسانی یه‌كێتی ئاشكرا ده‌بێت، له‌و باره‌یه‌وه‌، سەرچاوەیەکی باڵا لە ئاژانسی پاراستنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان، رەتی دەکاتەوە ھیچ ئاگاداری و پەیوەندییەکی بەو رووداوەوە ھەبێت، به‌ڵام سه‌عدی پیره‌ ده‌لێت یه‌كێتی بۆته‌ قوربانی سه‌رنه‌گرتنی ئۆپراسیۆنێكی مخابه‌راتی”.

هه‌فته‌نامه‌ی باس له‌زاری سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له‌ سلێمانیه‌وه‌وه‌، ئاشكرای ده‌كات” یەکێتی ئاگاداری ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا بووە و پێشتر لەگەڵ تورکیاوە لێکتێگەیشتنی ھەبووە سەبارەت بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکە، بەڵام بەھۆی ئەوەی ئەندامانی پەکەکە کە پێشتر خزاونەتە نێو دەزگا ئەمنییەکانی یەکێتی، زانیارییان بە پەکەکە داوە و بەو ھۆیەوە ھەوڵەکاتی تورکیا بۆ ئەو کردەوەیەی بەنیاز بووە لە دژی پەکەکە لە سلێمانی ئەنجامی بدات، سەرکەوتوو نەبووە، هه‌روه‌ها سەرچاوەکەی سلێمانی ئه‌وه‌شی بۆ هه‌فته‌نامه‌كه‌ ئاشکرا کردووه‌، ماوەیەکی زۆرە یەکێتی لەلایەکەوە فشاری زۆری تورکیای بەسەرەوەیە، کە لە سنووری خۆی دەرفەتی زۆری داوەتە PKK، کە لەو سنوورە منداڵ و ھەەرزەکاران بڕفێنێت بۆ قەندیل و خاڵی گومرگیی زۆری داناوە و ژمارەیەکی زۆر بارەگایان کردووەتەوە، تا ئاستی ئەوەی لە ھەندێ لە ناوچە سنوورییەکان، یەکێتی لەبەرامبەر بە پەکەکە بێ دەسەڵات بووە، لەگەڵ ئەوەشدا لە میدیاکانی خۆی موجامەلەیان دەکات و بە شان و باڵیاندا ھەڵدەدات.

هه‌ر به‌گوێره‌ی زانیاریه‌كان فشاره‌كانی سه‌ر یه‌كێتی له‌لاپان په‌كه‌كه‌وه‌ رۆژ له‌رۆژ زیاتر بووه‌، بەردەوام بنکە و بارەگاکانیانی كردۆته‌ ئامانجی كاری رێكخستنی و، زیاتر دێنە ناو شار و ناوچەکانی دەسەڵاتی یەکێتی و خەرقی دەزگا ئەمنییەکانی یەکیتییشی کردووە، تا وای لێ ھاتووە، لەو ناوچانە ھەژموونی پەکەکە ببێتە مەترسی بۆ سەر یەکێتی،بە گوتەی سەرچاوەکە، لەم ماوەیەدا یەکێتی خۆشی گەیشتووەتە ئەو قەناعەتەی ئەو کرانەوەیەی بە رووی پەکەکەدا، ئەنجامی خراپی بۆ یەکێتی ھەبووە، ھەر بۆیەش ھەوڵی داوە خۆی لە تورکیا نزیک بکاتەوە، تا مەترسییەکانی پەکەکە لەسەر خۆی رابگرێت، هه‌ر بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەکە، ھەر لەو ماوەیەدا دیدار و سەردان لەنێوان یەکێتی و تورکیادا ھەبووە، ھەردوولا گفتوگۆیان لەبارەی ئەوە کردووە کە سنوورێک بۆ ھەژموونی پەکەکە لە ناوچەکانی سلێمانی و گەرمیان و ھەڵەبجە و پشدەر دابنێن. بۆ ئەو ئۆپەراسیۆنەیش کە تورکیا بەنیاز بووە لە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی یەکێتی ئەنجامی بدات، جۆرێک لە لێکتێگەیشتن لەنێوان تورکیا و دەزگا ئەمنییەکانی یەکێتیدا ھەبووە، بەڵام بەھۆی دزەکردنی زانیارییەکان لە دەزگا ئەمنییەکانی یەکێتییەوە، کە ئەندامانی پەکەکە لەمێژە خزاونەتە ناوی، ھەوڵەکانی تورکیا سەرکەوتوو نەبووە و پەکەکەش توانیویەتی دوو کەسی ھاووڵاتیی تورکیا، کە بەپێی زانیارییەکانی ھەندێ سەرچاوەی رۆژنامەوانی، کارمەندی میتی تورکیا بوون، لە قەزای دوکانی سەر بە پارێزگای سلێمانییەوە بۆ (قەندیل) بڕفێنێت.

ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی كوردستان و ئاژانسی پاراستن سه‌ر به‌ ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌ له‌زاری سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ هه‌فته‌نامه‌كه‌ ئاشكرای كردووه‌، دەزگاکەیان دوور و نزیک ئاگاداری ئەو ئۆپەراسیۆنە نەبووە کە تورکیا بەنیاز بووە لە ناوچەکانی سلێمانی ئەنجامی بدات، ھەردوو لایەنی تورکیا و یەکێتی خۆیان ئەو راستییە باش دەزانن، ئەو سەرچاوە باڵایەی ئاژانسی پاراستن، بەڵگەشی بەوە ھێنایەوە کە تورکیا بۆ رادەستکردنەوەی ئەو دوو کەسەی کە PKK رفاندوونی، تەنیا رووی داوا و فشاری لە یەکێتییە، ئەو داوایەی نە لە ئاژانسی پاراستن نە لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نەکردووە، ئەگەر ئەوان ئاگادار بوونایە، بێ گومان تورکیا ئەو داوایەی لەوان و لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش دەکرد، هه‌روه‌ها سەرچاوە باڵایەی ئاژانسی پاراستن گوتیشی: ”یەکێتی و دەزگا ئەمنییەکانی، بۆ پەردەپۆشکردنی ئەو کێشەیەی تووشی بوون، ھەوڵ دەدەن لەڕێی راگەیاندنەکانیانەوە چەواشەکاری بکەن و خۆیان وەک قوربانیی ھەڵوێستی نیشتمانییان پیشان بدەن“.

هه‌فته‌نامه‌ی باس ئاماژه‌ به‌ چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی و به‌ڵگه‌ی قسه‌كانی سه‌ركرده‌ی یه‌كێتی ده‌كات و له‌ راپۆرته‌كه‌دا ده‌نوسێـ” رۆژنامەی (ژیان)ی نزیک لە باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتی، بڵاوی کردووەتەوە، گوایە ئاژانسی پاراستنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان، ئاگاداری ئەنجامدانی ئەو ئۆپەراسیۆنە بووە، کە تورکیا بەنیاز بووە لە ناوچەی سلێمانی ئەنجامی بدات، بەڵام سەرچاوە باڵاکەی ئاژانسی پاراستن، جەختی لەوە کردەوە کە ئەوان دوور و نزیک پەیوەندییان بەو ئۆپەراسیۆنەوە نەبووە و دوورخستنەوەی نوێنەری یەکێتی لە تورکیا بەڵگەی ئەوەیە کە بابەتەکە لە ھەرێمی کوردستان تەنیا پەیوەندیی بە یەکێتییەوە ھەیە، ئەو زانیارییانە ئەو بانگەشەیەی یەکێتی پووچەڵ دەکاتەوە کە گوایە ئەوان قوربانیی ھەڵوێستێکی نیشتمانیین و بەھۆی ھاوکاریکردنی پەکەکەوە، تووشی فشاری تورکیا بوون، لەکاتیکدا بەپێی ئەو زانیارییانە، دەزگا ئەمنییەکانی یەکێتی لەو ئۆپەراسیۆنەی تورکیادا ئاگەدار و ھاوئاھەنگکار بوون.

شایانی باسه‌ پێشتر بەھرۆز گەڵاڵی، نوێنەری یەکێتی لە ئەنقەرە، دوای دوورخستنەوەکەی لە کاتی گەڕانەوەی لە فڕۆکەخانەی سلێمانی لە پرێس کۆنفراسێکدا ڕای گەیاند، داخستنی نوێنەرایەتییەکەیان پەیوەندیی بە ڕووداوێکەوە ھەیە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە سنووری دەسەڵاتی یەکێتی ڕووی داوە، گوتیشی: ”پێش چەند ڕۆژێک لە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئاگادار کراوەتەوە کە نیگەرانن لە سیاسەتی دامودەزگا ئەمنییەکانی سنووری یەکێتی و بەو ھۆیەوە نوێنەرایەتیی یەکێتی لە ئەنقەرە داخراوە، ئەو نوێنەرەی یەکێتی خۆی دانی بەوەشدا نا و گوتی: “نابێ سنووری یەکێتی وای لێ بێت ھەموو لایەنێک تەراتێنی تێدا بکەن“.

لای خۆشیه‌وە، سەعدی ئەحمەد پـیرە، وتەبێژ و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بۆ رۆژنامەنووسان لەبارەی داخستنی نوینەرایەتییەکەیان لە ئەنقەرە، رای گەیاند، بابەتەکە ئەوە بووە کە ھەوڵی ئۆپەراسیۆنێـکی ھەواڵگریی تورکیا سەرکەوتوو نەبووە و شکستی ھێناوە، ئاماژەی بەوەش دا: ”تورکیا رازی نییە بەو مامەڵەیەی لەنێوان یەکێتی و پەکەکەدا ھەیە”.

ھاوکات، دیار غەریب، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە، بە ئاژانسی (رۆژنیوز)ی  نزیک لە پەکەکەی راگەیاندووە: “یەکێتی با دەستخۆشیی لە پەکەکە بکات کە ئۆپەراسیۆنەکەی دەوڵەتی تورکیای پووچەڵ کردووەتەوە ‌و ڕێگای نەداوە تووشی ئابڕووچوونێکی مەزن ببێت“.

شایانی باسه، دوای رووداوی رفاندنی دوو ھاووڵاتییەکەی تورکیا لەلایەن پەکەکەوە، یەکێتی داوای لە پەکەکە کردووە ئەو دوو گیراوە رادەست بە ئەوان بکاتەوە و لە سنووری پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە و گەرمیانیش جموجۆڵە سەربازییەکانی بباتە دەرەوە، تا کێشەی زیاتری لەگەڵ تورکیا بۆ دروست نەبێت، کە نوێنەری یەکێتیی لە تورکیا دەرکردووە، بەڵام پەکەکە لە وەڵامدا بە یەکێتیی راگەیاندووە: “ئەوان بۆ خەباتی چەکداریی خۆیان سنوور ناناسن و ئەگەر ئەوان نەبوونایە لە دۆخێکی وەھادا یەکێتی لە تووشی ئیحراجییەکی گەورە دەبوو”.

Back to top button