بارزانی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق كۆبووه‌وه‌

له‌میانه‌ی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی نێوان سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی باڵای ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق باسی ڕەوشی مووسڵ و بەرەکانی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ تیرۆریستان بەگشتی و ناوچەی تەله‌عفەر بەتایبەتی کرا.

 

ماڵپه‌ری فه‌رمی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڵاویكردووه‌ته‌وه‌ ڕۆژی سێشەممە (29-8-2017) لە سەلاحەددین، مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێکی باڵای ئەمەریکا کرد کە پێکهاتبوو لە دۆگڵاس سلیمان باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق، ژەنەڕاڵ تاونسێند فەرماندەی گشتیی هێزە هاوپەیمانەكان لە عێراق و سووریا، ژەنەڕاڵ فانک کە لە شوێنی ژەنەڕاڵ تاونسێند دەستبەکار دەبێت و کین گرۆس کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەولێر.

 

لە سەرەتای دیدارەکەدا ژەنەڕاڵ تاونسێند ڕایگەیاند کە ئەرکەکەی وەک فەرماندەی گشتیی هێزە هاوپەیمانەكان لە عێراق و سووریا کۆتایی هاتووە و دەگەڕێتەوە وڵاتەکەی و ژەنەڕاڵ فانک لە شوێنی ئەو دەستبەکار دەبێت. بارزانی هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکی نوێ بۆ هەردوو ژەنەڕاڵ خواست.

 

لە درێژەی دیدارەکەدا بە وردی باسی ڕەوشی مووسڵ و بەرەکانی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ تیرۆریستان بەگشتی و ناوچەی تەله‌عفەر بەتایبەتی کرا و هەردوولا هاوڕا بوون کە دەرکردنی داعش لە مووسڵ و ناوچەکانی دیکە بەمانای کۆتایی تیرۆر نایەت و جەخت لەسەر بەردەوامیی هاوکاری و هەماهەنگیی نێوان هەردوولا کرایەوە.

 

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا ڕەوشی سیاسی و ئەمنیی عێراق و سووریا و پێشکەوتنەکان لە دژی داعش، خرانە بەرباس.

Back to top button