یەكێتی گۆڕانكاری لە پۆستە حكومیەكانیدا دەكات
دوای جەژنی قوربان یەكێتی نیشتیمانی كوردستان گۆڕانكاری لە پۆستە حكومیەكاندا دەكات كەلە پشكی خۆیەتی و ئەو بەرپرسانە دوور دەخاتەوە كە زیاتر لە هەشت ساڵە لە یەك پۆستدان .
“ڕاهبەر سەید ئیبراهیم ” ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی و ئەندامی لیژنەی گۆڕانكارییەكانی ناو حكومەت ڕایگەیاند ” چەند كۆبونەوەیەكمان كردووەو رۆژی پێنج شەمە 31ی 8ی 2017 جارێكی دیكە لیژنەی گۆرانكارییەكانی ناو حكومەت كۆدەبێتەوە بۆ ئەوەی ڕاسپاردەیەك لە بارەی گۆڕانكاری پۆستەكانی یەكێتی لە ناو حكومەت ئامادە بكەن و لە دوای جەژنی قوربان لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی گفتوگۆی لەبارەوە بكەن “.
سەبارەت بەمەرج و شێوازی گۆڕانكارییەكان “ڕاهبەر سەید ئیبراهیم ” گوتی ” ئەو كەسانەی كە ماوەی هەشت ساڵ زیاتر لە پۆستێكدان دووردەخرێنەوە ، بەهەمان شێوە ئەو كەسانەیشی كە تێوەگلاون لە گەندەڵی و كارەكانیان باش ڕانەپەراندووە هەر دوور دەخرێنەوە ، كەسانێك دیاری دەكرێن بۆ پڕكردنەوەی پۆستەكان ، لەناو ئەو كەسانەیشدا كوڕو كچی شەهید چانسیان زیاتر دەبێت بۆ وەرگرتنی پۆستە حكومیەكان لە پشكی یەكێتی “.
جگە لە حكومەت یەكێتی بەنیازە گۆڕانكاری لە پۆستە حیزبیەكانیشدا بكات و لیژنەیەكی بە سەرۆكایەتی ( رەفعەت عەبدوڵا ئەندامی مەكتەبی سیاسی ئەندامیەتی هەریەك لە بەرزان ئەحمەد كوردە و جەمیل هەورامی و سامان گەرمیانی و پەروین كاكە حەمەو فەرید ئەسەسەرد ) پێكهیناوە .