زێباری بۆ نوێنەرێكی شانشینی سوید ڕیفراندۆم لە كاتی خۆی ئەنجام دەدرێت
لە درێژەی ئەو دیدارە سیاسیانەی پەیوەست بە گفتوگۆ لە بارەی پرسی ریفرادۆم سەربەخۆی كوردستان ئەنجامی داون, ئەمڕۆ سێشەممە هۆشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی و ئەندامی كۆمیتەی باڵای ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ كریستیان نیڵسۆن جێگری سەرۆكی نێردەی شانشینی سوید لە بەغدا و بەرپرسی بەشی كۆنسوڵخانەی سوید لە هەولێر، باسیان لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان كرد.
لەمبارەیەوە زێباری لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك لە پۆستێكدا كە وێنەیەكی خۆی و جێگری سەرۆكی نێردەی شانشینی سوید لە بەغدای داناوە، نووسیویەتی لەگەڵ كریستیان نیڵسۆن باسی بارودۆخی هەرێمیان كردووە و پرسی ریفراندۆمی سەربەخۆیی و ئامادەكارییەكانیان تاوتوێ كردووە، كە لە كاتی خۆیدا دەكرێ بەبێ دواكەوتن.
ئەوەشی نووسیوە كە هەروەها باسی بریارە ژیرانەكەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووكیان كردووە بۆ بەشداربوون لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان.
زێباری كە ئەندامی شاندی هاوبەشی پارتی و یەكێتییە بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی ڕیفراندۆم لەگەڵ لایەنەكان، ماوەیەكە زنجیرەیەك دیدار لەگەڵ نوێنەری دیپلۆماسی وڵاتان ئەنجام دەدات.
رۆژی 25ی ئەیلوولی داهاتوو ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان ئەنجام دەدرێت.