سەرۆكایەتی هەرێم گومان دەخاتە سەر گواستنەوەی چەكدارانی داعش لە سنوری سوریاوە بۆ سنوری عێراق
سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان گومانی خۆی راگەیاند “لە گواستنەوەی چەكدارانی داعش لەسەر سنوری ( سوریا – لوبنان ) بۆ سەر سنوری ( سوریا – عێراق ) ئەوەش دوای ڕێكەوتنی هەریەكە لە حكومەتی سوریا و حزبوڵای لوبنان لەگەڵ ڕیكخراوی تیرۆریستی داعش .
24ی ئابی 2017 ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش لەشەڕێكدا لە گوندەكانی ( غانم العلی و والعگشانە و والبوحمد و وزورشمر ) لە پارێزگای رەققە ، ژمارەیەكی زۆر چەكی قورس و پێشكەوتووی كەوتووەتە دەست ، ڕۆژی 27ی ئابی 2017 یش بە پێی ڕێكەوتنێك ئاگربەست لە نێوان حزبوڵای لوبنانی و حكومەتی سوریا و ڕێكخراوی داعش لە ناوچەی ( قەلەمونی ) سوریا ڕاگەیەنرا ، بە پێی ڕێكەوتنامەكە دەستكرا بە گواستنەوەی (400) چەكداری داعش و هاوسەرەكانیان بە پاس بۆ كۆتا خاڵی پارێزگای دێرە زووری سوریا كە بەدەست ڕێكخراوی داعشەوەو هاوسنورە لەگەڵ عێراق .
سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان گومانی لە گواستنەوەی ئەو چەكدارانەی داعش هەیە بۆ سنورەكانی عێراق ، وتەبێژی فەرمی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ” د.ئومێد سەباح ” دەڵێت ” هێنانی ئەو هێزە لە لوبنانەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی سوریا و نزیك لە سنورەكانی عێراق ، جێگەی گومانەو زۆر بە جدی چاودێری و بەدواداچوونی بۆ دەكەین ، ئەوەبە دوبارە كردنەوەی سیناریۆی ساڵی 2014 دەزانین كە جێبەجێ كراو بووە مایەی نەهامەتی بۆ عێراق و ناوچەكە “.