بەڕێوەبەرێكی كەناڵی (NRT) دەستی لەكار كێشایەوە

لەگەڵ ئەوەی پێشتر چەند كارمەندێكی كەناڵی (NRT) دەستیان لەكار كێشایەوە بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەكانی كەناڵی (NRT)، دەست لەكار كێشانەوەی خۆی لە كەناڵەكەی راگەیاند. لە كاتێكدا پەرلەمانتارێكی بزووتنەوەی گۆڕان باسی لەوە كردووە كە كەناڵەكە بێلایەن نییە و نایەوێت بابەتەكانی لەو كەناڵەوە بڵاو بكاتەوە.
دڵشاد حوسێن، بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەكان لە كەناڵی (NRT) كە شاسوار عەبدولواحید خاوەندارییەتی دەكات، ئەمڕۆ چوارشەممە 30/8/2017، لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك)، دەست لەكار كێشانەوەی خۆی راگەیاند.
دلشاد حوسێن، نووسیویەتی: “بۆ ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە وەك بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەكان، لەگەڵ ئەو دامەزراوەیە كارم كردووە“. ئەوەشی ئاشكرا كردووە: ”لەمڕۆوە بە شێوەیەكی ئاسایی من لەو دامەزراوەیە نامێنم و ھیچ پەیوەندییەكم پێیەوە نامێنێت”.
لەوەتەی گرووپی (نەخێر) بۆ سەربەخۆیی كوردستان، لەلایەن شاسوار عەبدولواحید، خاوەنی كەناڵی (NRT)یەوە دامەزراوە، ژمارەیەك كارمەندی كەناڵەكە بە پاساوی جۆراوجۆر دەست لەكار كێشانەوەیان ڕاگەیاندووە و بەشێكیان ھۆكارەكەیان بۆ دژایەتیكردنی بنەما نیشتمانییەكان لەلایەن گرووپەكەی شاسوار عەبدولواحید گەڕاندووەتەوە.
پێشتر بەھار مەحموود، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان ڕاگەیاندبوو كە كەناڵی (NRT) بێلایەن نییە و لەوەتەی گرووپی (نەخێر) درووست بووە و كەناڵەكە پشتیوانی دەكات، زیاتر ئەوە دەسەلمێنێت. ئەوەشی نەشاردەوە كە ئێستا پێی خۆش نییە بابەتەكانی لەو كەناڵەوە بڵاو بكاتەوە.

 

Back to top button