پەیامی سەرۆك بارزانی بەبۆنەی جەژنی پیرۆزی قوربان

بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی قوربان سەرۆک بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاودەکاتەوە، لە پەیامەکەی جگە لەوەی جەژنی قوربان لە موسڵمانانی کوردستان و جیهان پیرۆزدەکات، پیرۆزبایی لە هەموو پێشمەرگە قارەمانەكان كە لە سەنگەری بەرگریكردن لە كەرامەتی گەل و خاكی نیشتیمانن و دەستخۆشیش لە هێزەكانی ئاساییش و پۆلیس دەكات كە ماندوونەناسانە ئەركی پاراستنی ئارامی و ئاساییشی خەڵكیان بە باشی ئەنجام داوە.

دەقی پەیامی سەرۆک بەبۆنەی جەژنی قوربان

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی پیرۆزی قوربانەوە پیرۆزبایی لە خەڵكی كوردستان و هەموو موسڵمانانی جیهان دەكەم. پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان دەكەم كە بە خوێنی ئازیزانیان ئازادی و شكۆی وڵاتەكەمان پارێزراوە. پیرۆزبایی لە هەموو پێشمەرگە قارەمانەكان دەكەم كە لە سەنگەری بەرگریكردن لە كەرامەتی گەل و خاكی نیشتیمانن و دەستخۆشیش لە هێزەكانی ئاساییش و پۆلیس دەكەم كە ماندوونەناسانە ئەركی پاراستنی ئارامی و ئاساییشی خەڵكیان بە باشی ئەنجام داوە.

هیوادارم لە ٢٥ـی ئەیلوول، هەموو خەڵکی کوردستان بە دەنگی بەڵێ بۆ سەربەخۆیی، ئەو ڕۆژە بکەنە جەژنێکی گەورەی نیشتیمانی و ساڵانی داهاتوو ئەو ڕۆژە وەک جەژنی سەربەخۆیی یاد بکەینەوە.

جەژنتان پیرۆز و هیوای شادی و بەختەوەریتان بۆ دەخوازم.

 

مسعود بارزانی

٣١ـی٨ـی٢٠١٧

Back to top button