عادل و شاناز و سی و یەكی ئاب
بهمن کاک عبداللە
عادل موراد و شانازی برایم ئەحمەد دوای نەخۆشكەوتنی مام جەلال دەرفەتی ئەوەیان بۆ ڕەخسا عوقدە مێژوویی و شەخسییەكانی خۆیان بەرانبەر بە گەلی كوردستان زیندوو بكەنەوە و بە سەرمایە و قووتی ئەم گەلە ئەوەی لە دەستیان هات كردیان بۆ هەڵڕشتنی ڕق و فیتنەگێڕی لە دژی پێشمەرگە و سەقامگیریی و برایەتی.
دژایەتیی هەموو هەنگاوێكیان كردووە كە لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستاندا بێت. ئاویان كردووەتە ناو ئاشی دوژمن، شەڕی دەروونیان لەگەڵ پێشمەرگە و حزبەكان و تەنانەت یەكێتیش كردووە. بەڵام دڵڕەشی و بەدكارییەكانیان هیچ ئەنجامێكی نەبووە.
یەك دوو ڕۆژە ئەم دووە و چەند كەسێكی تر كە دەستیان بە خوێنی ڕۆڵەكانی گەل سوورە باسی 31ـی ئاب دەكەن. باسكردنەكەیان تەنیا لە پێناو ئازاردانی تێكۆشەرانی ناو یەكێتیە. دەزانن ناتوانن ببن بە بەشێك لە شكۆی گەلی كوردستان بۆیە چاویان بە سەركەوتن و تەبایی و برایەتی خەڵكی كوردستان هەڵنایەت.
هەموومان دەزانین 31ـی ئاب چییە و بۆ ڕووی دا. ئەگەر عادل و شاناز مەبەستیان مێژوو و ڕاستییەكان بێت، دەبێ باسی ڕۆژانی پێش 31ـی ئابیش بكەن. ئەو ڕۆژانەی كە هێزی پاسداریان هێنایە ناو كوردستان بۆ داگیركاری و لێدان لە هێزە كوردییەكان. باسی ئەوەش بكەن كە لە تەمموزی 1996 هێزی پاسدارتان هێنا بۆ كۆمەڵكوژی كوردە ئاوارەكانی ڕۆژهەڵات و توپبارانكردنی بارەگاكانی جزبەكانی ڕۆژهەڵات. لەبیرتان دێت كە ئەوكاتەی لە 16ـی ئابی 1996 كە پارتی خەریكی یادكردنەوەی ئاهەنگی پەنجاساڵە و یوبیلی زێڕینی خۆی بوو، بە هاوكاریی پاسدارەكان و تۆپخانە و كاتیۆشاكانی ئێران هێرشی سەرتاسەریتان بۆ سەر پارتی دەست پێ كرد. بەوەش نەوەستان هێزتان بردە ناو خاكی ئێران و لەڕێگەی شنۆ و كێلەشین پەلاماری كوردستانتان دا و لە پشتەوە خەنجەرتان لە پارتی دا. 31ـی ئاب وەڵامێكی گونجاو و لەجێی خۆی ئەو پیلانگێڕییە بوو كە لەدژی كوردستان و پارتی ئەنجامتان دا.
خەڵكی نیشتیمانپەروەر هەموو ڕاستییەكان دەزانێت و هیچ كات تەسلیمی بووقی فیتنەگێڕی و ڕق و دڵڕەشی نابێت. ئیرادەی تێكۆشەر و نیشتیمانپەروەرە سەربەرزەكانی ناو یەكێتیش بەم دەنگە ناڕەسەنانە ناشكێت. دەنگی شوومی ئەم دوو كەسە كە لە ڕاستیدا دەنگی شوومی دوژمنە، برایەتی و ئیرادەی هاوبەشی پارتی و یەكێتی بۆ خزمەتكردنی كوردستان و سەربەخۆیی تێك نادات.
ڕێگەی سەربەخۆیی و نیشتیمانپەروەری دیارە و ڕێبوارانیشی مەعلوومن، ڕێگەی ناپاكی و فیتنەگێڕی و دڵڕەشی دیارە و دواجار سەرشۆڕی و شكست بۆ ناپاك و شەڕانگێزان دەمێنێتەوە. عادل و موراد و مێردی شاناز دەبێ بدرێنە دادگا لەسەر ئاموژگاریان بۆ مالكی كە بوو به هۆی بڕینی قووتی خەڵكی كوردستان.