بووقی لاهوور
ئەحمەد حوسێن
لاهووری شێخ جەنگی كە بە ناو بەرپرسی دەزگەیەكی گرنگە بۆ پاراستنی ئاساییشی كوردستان خۆی یەكێكە لە سەرچاوەكانی هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی سیاسی و ئەمنی و ئابووری و كۆمەڵایەتیی خەڵكی كوردستان.
بەپێی ڕاگەیێندراو و هەواڵەكانی میدیای سێبەری خۆی لەم ڕۆژانەدا لاهوور زۆر باسی 31ـی ئابی كردووە و بە خیانەتی مێژوویی وەسف كردووە. ناڕەزایی دەربڕیوە لەوە نیشتیمانپەروەرانی یەكێتی كار بۆ سەرخستنی ئاواتی لەمێژینەی گەلی كوردستان دەكەن. قەڵسە بەوەی نیشتیمانپەروەرانی یەكێتی گوێ نادەنە دەنگی هەرزە و ناپاكی ناو حزبەكەیان. لاهوور تووڕەیە لەوەی بەشی هەرە زۆری یەكێتی دەیەوێ ببێتە بەشێك لە شانازیی مێژووی گەلی كوردستان.
جا منداڵێكی هەرزگۆ كە قەدەر وای كردووە مەكانەیەك لەناو یەكێتی پەیدا بكات چۆن لە ئیرادە و برایەتی و یەكڕیزی دەگات. هەرزە سیاسییەكی وەك لاهوور كە بە پارە و قووتی ئەو میللەتە دەیان سایت و میدیای بۆ دژایەتیكردنی ئاساییش و سەقامگیری و برایەتی خەڵكی كوردستان بەكار دەهێنێ و فڕچكی بە ناپاكی و ئینحرافەوە گرتووە چوزانێ خەیانەت و نیشتیمانپەروەری لێك جیا بكاتەوە؟
كەسێك كە سەرچاوەی هەڕەشە بێت بۆ سەر میللەت دەبێ بدرێتە دادگا و بە سزای خۆی بگات.
كەسێك كە قاتڵ بێت و دەیان خەڵكی كوشت بێت و سەدان كەسی بێگوناحی بێسەروشوێن كرد بێت چۆن دەتوانێ پارێزەری وڵات بێت.
لاهوور كە بێچووی ڕەسەنی مەدرسەی شەڕانگێزی و ناپاكییە بە ناهەق دەستەڵات و پارە و ئیمكانیاتی حزبێكی تێكۆشەری وەك یەكێتی كەوتووەتە دەست. قسە و بۆچوونەكانی هەمیشە نابەجێن و لە خزمەت بەرژەوەندی گەل و یەكێتیدا نین. لەناو یەكێتیشدا تەنیا ئەوانە كڕیاری هەڕەشە و هەرزەگۆیی لاهوورن كە دەرچووی مەدرسەكەن. كاتی ئەوە هاتووە كە سنوورێك بۆ ئەم هەرزەكارە دابنرێت.
بووق و دەنگی لاهوور و هاوپۆڵەكانی چەندە شووم و بەرزیش بێت بەڵام كار ناكاتە سەر ئیرادەی ئەو یەكێتیانەی كە پێشمەرگە و تێكۆشەرن و مێژوو دەزانن و نیشتیمانپەروەرن.