بزانه‌ نموونه‌ی به‌رزی بارزانی كه‌ به‌رده‌وام باسیان ده‌كات كێن

له‌ راپۆرتێكی دا كه‌ناڵی رووداو چیرۆكی دوو دایكی شه‌هید كه‌ به‌دایكی كوردستان ناسراون و بارزانی به‌ نموونه‌ی به‌رزی ژیانی دیان بینی ئاشكرا ده‌كات، له‌ راپۆرته‌كه‌دا هاتووه‌”مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە زۆر بۆنەدا باسی دوو دایکە شەهید دەکات و دەڵێت نموونەی باڵای ئەو، ئەم دوو دایکە شەهیدەن. یەکێکیان سێ کوڕی بە یەکجار شەهید بوون. ئەوی دیکەشیان بە جارێک چوار منداڵی شەهید بوون. هەردووکیش رووبەڕوو بە سەرۆکی هەرێمی کوردستانیان گوتووە: نیگەران مەبە لەپێناو سەرکەوتندا کوڕی دیکەمان هەن بۆ ئەوەی قوربانی کوردستان بن.

 

له‌ راپۆرتێكی دا كه‌ناڵی رووداو كه‌ له‌لایان هیڤیدار ئه‌حمه‌د ئاماده‌ كراوه‌، باس له‌وه‌ش ده‌كات”مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە زۆر بۆنەدا باسی دوو دایکە شەهید دەکات و دەڵێت نموونەی باڵای ئەو، ئەم دوو دایکە شەهیدەن. یەکێکیان سێ کوڕی بە یەکجار شەهید بوون. ئەوی دیکەشیان بە جارێک چوار منداڵی شەهید بوون. هەردووکیش رووبەڕوو بە سەرۆکی هەرێمی کوردستانیان گوتووە: نیگەران مەبە لەپێناو سەرکەوتندا کوڕی دیکەمان هەن بۆ ئەوەی قوربانی کوردستان بن، لەکاتی سەردانکردنی گۆڕی شەهیدەکانیان لە رۆژی جەژندا لەگەڵ ئەوان بوو، ئەوان دەچنە سەر گۆڕی شەهیدەکانیان و فرمێسکی یەک دەسڕن، بە شەهیدەکانیان دەڵێن چەند رۆژێکی دیکە هەواڵی خۆشتان پێدەگات و کوردستان دەنگ بۆ سەربەخۆیی دەدات، ئیدی ئێوەش ئاسوودەبن.

دایکە ئامینا وا تێگەیشتووە کە کۆستکەوتن بێ وڵاتی و دەربەدەرییە نەک لەدەستدانی کوڕ و نەوەکانی کە بە کولەمەرگیش پێیگەیاندوون. هەر بۆیە لەو ساتەی کارەساتەکەی بەسەردا هاتووە بارزانیش دەگاتە ئەوێ. بەڵام دایکە ئامینا لەسەر قەبران نەیدەهێشت وا دەربکەوێ ئەو دایکی شەهیدە.

بارزانی دایکە ئامینا بە مەسەلی ئەعلای خۆی دەزانێت و لە موناسەباتەکاندا وەکو نموونەی خۆڕاگری دەیهێنێتەوە: “شێرەژنێکم  بینی، خۆی ژنە شەهیدە، دوو بۆ سێ برای شەهیدن، بۆمبێک بەنێو ماڵیان کەوتبوو، چوار منداڵی پارچە پارچە بووبوون، پارچە گۆشتی هەر چواریانی لەنێو عەلاگەیەک کردبوو، حاڵەتێکی نائاساییم بینی، پرسیارم کرد گوتیان حاڵ و مەسەلە ئەوەیە، حەقیقەت تەحەمەولم نەکرد، بارودۆخم زۆر تێکچوو، وەڵڵاهی بە هەموو موقەدەساتم، چیسەی پارچە گۆشتی هەرچوار کوڕەکەی دانا و هات، لەباوەشی گرتم و گوتی: من نامەوێ فرمێسکت ببینم، دوو کوڕم ماون، ئەوانیش قوربانی کوردستان بن”.

رووداوەکە دروست لە 9-6 ی ساڵی 1985 لە ئۆردوگای زێوە لە رۆژهەڵاتی کوردستان روویداوە. دایکە ئامینا بێرۆخییە و لە گەڕەکی شەهیدان لە شاری سۆران نیشتەجێیە. ئێستا لەگەڵ نەوەکانی ژیان بەسەردەبات و وەک باسی دەکات 10 ساڵ لە بارزانی گەورەترە.

ئەو ناوی نەوەکانی بەپێی بارودۆخ و رووداوەکانی ژیانی هەڵبژاردوون. سەفەری چونکە لە سەفەر لەدایک بووە، کۆڤان، چونکە خەم و کۆڤانێکی مەزن هەبووە، تازییەش، لە پرسەی ئیدریس بارزانیدا لەدایکبووە و ناویان لێناوە تازییە.

دایکە ئامینا کە خێزانە قەرەباڵخەکەی لەپێناو کوردستاندا بووەتە قوربانی، باسی دۆخی ئێستای کوردستان دەکات و دەڵێ، رەنگە لەنێو کورد کەسی وا هەبێ دەنگ بە سەربەخۆیی نەدات.

مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە 30-8- 2017 دا، واتە هەفتەی رابردوودا وەکو نموونەی دوو دایکی گەورە باسی دایکە ئامینا و دایکە عائیشەی کرد.

بارزانی لە وەسفی دایکە عائیشەدا گوتی: “ئەمجارە لە شەڕی زومماردا، بەهۆی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێک سێ برا بە یەک دەقیقە شەهید بوون. ماوەی 15 بۆ 20 رۆژ دەبوو شەو دەمگوت بەیانی لەخەو هەڵسم دەچم سەردانی دەکەم کە ماڵی لە سۆرانە، بەڵام کاتێک بەیانی دادەهات هەرچی دەمکرد نەمدەزانی چۆن بچم، دایکێک سێ کوڕی بە یەک دەقیقە شەهیدبووبن چی پێبڵێم؟ چی بکەم و چۆن بچم؟ پاشان گوتم دەبێ هەر بچم، کە چووم کاتێک ئەم دایکەم بینی هەستێکم بۆ دروست بوو خۆم زۆر زۆر بە بچووک زانی بەرامبەر بەم گەورەیە، بەم شێرەژنە. بووک و نەوەکانی لابوون، ئەویش دیسان گوتی: دوو کوڕی دیکەم هەن ئەوانیش بەقوربانی کوردستان بن، ئێمە سەربەرزین، شەڕەفێی گەورەیە بۆ ئێمە. من شەرمم لە خۆم کردە و گوتم خودایە 10 بۆ 12 رۆژە سێ کوڕی بە یەک دەقیقە شەهید بوون، کەچی ئەم مەعنەویاتە بەرزەی هەیە”.

لەگەڵ دایکە ئامینە دەچینە سەر گۆڕستانی شەهیدان بۆ ئەوەی دایکی عائیشە ببینین. لە رێگادا باسی چیای زۆزک و هەندرێن دەکات کە پێشمەرگە شەڕی مەردانەی بەرامبەر سوپای عێراق لێکردووە. ساڵی 1966 ناجی بەگی هاوژینی کە پێشمەرگە بووە، لەم چیایە شەهید بووە.

لە گۆڕستانی شەهیدان و لەسەر گۆڕی سێ کوڕەکەی دایکە عائیشە، هەردوو دایکەکە بۆیەکەمجار یەک دەبینن.

گۆڕستان شوێنی فرمێسکە گەرمەکانە، بەڵام ئەوان لەوێ رۆژانی دەربەدەری و پڕ لە ژانەکانی خۆیان دەگێڕنەوە. دواتریش بە شەهیدەکانیان دەڵێن: چەند رۆژێکی دیکە خەڵک دەنگ بۆ سەربەخۆیی دەدەن و هەواڵێکی خۆشتان پێدەگەینن.

دایکە عائیشە و دایکە ئامینە ئیدی ماڵئاوی لەیەکدی دەکەن، بەڵام شەهیدەکانیان پێکەوە لە یەک دەفتەری سەروەریدا دەمێننەوە.

Back to top button