باوەڕی گەلێک بە چەند دینارێکی بیانی مەفرۆشن!

تەنیا کوردی
 
ژیان ئەگەر بتکوژێ، بەڵام ناتوانێ باوەڕت بگۆڕێ، برسیت دەکات، بەڵام ناتوانێ رۆحیەتی خاکیبوونت لێ وەربگرێ، ناتوانێ ئەو مافەت لێ زەوتبکات کە تۆ بتەوێ خاکەکەت لەژێر حوکمڕانی گەلەکەتەوە بەڕێوەبچێ و ببیت بە دەوڵەت، بەڵام لەو شوێنەی مرۆڤەکان دووڕوو بوون ئیدی لەو شوێنەدا حەقیقەت دەبێتە درۆ، سەرمایەی مرڤایەتیی دەکەوێتە دەستی کەسانێک کە لە بازاڕی ژیاندا کڕین و فرۆشتن بە باوەڕ و ئیڕادە دەکات، دەیانەوێ هەموو شتێکت پێ بفرۆشن تەنیا لە پێناو ئەوەی فکری سەربەخۆیی کوردستانت لێ وەربگرن.
 
من رێک مەبەستم ئەو کەسانەیە کە بەناوی پۆستمۆدێرن و رەهەندییەکانەوە رۆژانێک لە تاراوگە بوون و ئیدی باوەڕی خۆیان رادەستی نیەتێک کرد کە دژە کوردبوون ئامانجیانە! ئێستا ئەو کەسانە شوێنگرەوەی خۆیشیان لە کوردستان دروستکردوون، ئەوانە وەک سەرمایەدارێکی بیانی و قازانجویست لەسەر دژایەتیکردنی گەلی کوردستان بەناوی لیبرالیزم و فەلسەفەی حوکمڕانییەوە رێککەوتوون بە گەمەکردن بە چەند چەمکێکی فەڵسەفییەوە دەیانەوێ نەوەی نوێ بەگومانەوە لە ئامانجە نیشتمانیی و پرسە نیشتمانییەکان بڕوانێ، بەگومانەوە سەیری ئایندەیی خۆی بکات، بەگومانیشەوەبێ لە پاشەڕۆژی خۆیدا. ئەو کەسانەی دەیانەوێ باوەڕی تاکەکان بە چەند دینارێکی بیانی بفرۆشن، ئەوانەن کە دەیانەوێ فکری کوردستانیبوون لە نێو هزری تاکی کۆمەڵگی کوردستانی بسڕنەوە، بیانگەیەننە باوەڕێک کە گومان لە سەربەخۆیی کوردستان بکەن و گومانیش لە پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان بکەن.
 
سەربەخۆیی کوردستان بژاردەی گەلێکە، نەوەک بژاردەی چەند کەسێک کە دەیانەوێ باوەڕ و بڕوابوون بە کوردستان لە نێو فکری تاکدا نەهێڵن، ئەو کەسانە دەیانەوێ دەستکاری مافێکی سرووشتی خەڵک بکەن، بیروباوەڕێک لە نێو هزری خەڵکی کوردستاندا بچێنن کە تاکێک بۆ داهاتوو دروستبکەن لای گرینگ نەبێ کە خاکی کوردستان لەلایەن کامە دەوڵەتەوە مزایەدەی سیاسیی بەسەردا دەکرێ و کێ بەڕێوەی دەبات و کامە دەوڵەت دەستی بەسەردا بگرێ! ئەوان دەیانەوێ کوردبوون و کوردستانیبوون رادەستی نەیارانی کورد بکەن، دەیانەوێ گومان بخەنە سەر هەموو فکرێک کە لە بنەڕەتدا بۆ سەربەخۆیی کوردستانە.
 
ئەوان دەیانەوێ دەستکاری بیرکردنەوەی هزری خەڵک بکەن، جوڕئەتی بڕیاردان لە گەلێک بسەننەوە کە لە ئێستادا دەیەوێ بگات بە ئامانج! دەیانەوێ ئەم دەرفەتەیی کە دروستبووە کە کوردستان بڕیاری سەربەخۆیی بدات لەبار بچێ!
بەڵام نایزانن، کە ئێستا نەخشەی ناوچەکە کە دەستکردی سایکس-پیکۆیە و ستەمی مێژوویی لە کورد کرد، وا لەبار چوو، نایزانن عێراقی یەکپارچە کە دروشمی رژێمەکانی پێشویش بوو لە واقیعدا لەت بوو، نایزانن کە ئەو وڵاتەی پێیەوە دەنازن لە ئێستادا ناتوانێ ئیدارەی قەیرانەکانی بدات! نایزانن ئیدی گەلێک هەیە تینووە بە ئازادی، بە سەربەخۆیی، بە دیموکراتیەت، بە ئاشتیی، کە پایەکانی دەوڵەتی دروستکردووە و کاروانەکەی کەوتووەتە ڕێ.
 
نایزانن کە رووداوەکانی ناوچەکە ئەوەندە گەورەن کە پشکنەرەکانیان پێڕاناگەن لە کام لاوە سەرنج بدەن، بۆیە ئەوەی روودەدات ئەوان لێی ئاگادار نین، زۆری نەماوە بچوکی ئەو کەسانە دەرکەوێ کە چەندە لە گۆڕانکاری ناوچەکەدا تێنەگەیشتوو بوون.
رەسمکردنی سیاسیەتی ناوچەکە بەدەستی گەلی کوردستانە، بۆیە دواجاریش یەقین بن کە ئەو گەلە بە دڵنیاییەوە بەسەربەرزییەوە، سەردەکەوێ، بە هیزی دیموکراتییەتەوە واقیعێک لە ناوچەکە دروستدەکات کە گەلانی دنیایش خۆشبەخت بن.
 
هیچ وەرەیەک لەوە بەهێزتر نابینم کاتێ کوڕە شەهیدێک دەبینم باوەڕی یەقینی هەیە کە سەردەکەوین، لەو زیاتر فێردەبم و تێدەگەم کە سەربەخۆیی خوێنە، خوێنیش تەبعێکی هەیە کە بۆ ئاشتیی و لە پێناو خاکدا بەخشرا، مەحاڵە سەربەخۆیی لەو خاکەدا نەیەتە بوون، بۆیە یەقینین کە سەرکەوتن نزیکە.
Back to top button