سەرۆكی پارتێكی توركمانی لە عێراق: هیوادارین ڕۆژێك زووتر هەرێمی كوردستان بێت بە دەوڵەت
لەگەڵ نزیك بوونەوەی وادەی سازدانی ریفراندۆمی سەربەخۆی كوردستان, پرسەكە زیاتر دەبێتە جێی باسی ناوخۆو دەرەوەی كوردستان, لە بارەی سەربەخۆی و پرسی ریفراندۆم سەرۆكی پارتێكی توركمانی لە عێراق دەلێت, هیوادارین ڕۆژێك زووتر هەرێمی كوردستان بێت بە دەوڵەت
وەلید محەمەد شەریكە، سەرۆكی پارتی ئەخای توركمانی لە عێراق لە بارەی ریفراندۆمەوە دەلێت:” ڕیفڕاندۆم بە شتێكی باش و بایەخدار دەزانین بۆ هەرێمی كوردستان، ئێمە وەكوو پارتی ئەخای توركمانیی عێراق، كە خۆمان بە قوتابخانەی نیشتمانپەروەرایەتی دەزانین، لەگەڵ ئەنجامدانی ئەو پرۆسە گرنگەداین و ئەگەر ڕێگەی بەشداریبوونمان پێ بدرێت تێیدا بە (بەڵێ) دەنگی بۆ دەدەین، بەڵام یەك پرسیارم هەیه، كە ڕۆڵی توركمان لەناو ئەو ڕیفڕاندۆمەدا چییە، دەبێت بزانین كە ڕۆڵمان چی دەبێت، بۆ ئەوەی لەو پرۆسەیەدا بەشدار بین، بەشداریكردنی ئێمە تەنیا لێدوان نییە لە ڕێگەی میدیاكانەوە، بەشداریكردنی ئێمە بە دڵ و بە گیانە بۆ سەرخستنی ئەو پرۆسەیە، ئەوەی لە ڕیفڕاندۆمدا بەشداریی نەكات، مێژوو نەفرەتی لێ دەكات.
سەرۆكی پارتی ئەخای توركمانی لە عێراق لە بارەی سەربەخۆی كوردستان گوتیشی:” كێ حەز ناكات كە هەرێمی كوردستان ببێت بە دەوڵەت؟ ئەوە مافی خەڵكی كوردستانە، كوردستان تەنیا بۆ كورد یاخود عەرەب یاخود توركمان نییە، بۆ هەموو نەتەوە و ئایینزایەكانە، هیوادارین ڕۆژێ زووتر هەرێمی كوردستان بێت بە دەوڵەت. من لە ڕێگەی ڕۆژنامەكەتانەوە دەڵێم، بۆ ئێمەی توركمان هەرێمی كوردستان سەد قات لە عێراق باشترە، بۆ ئەوەی چارەنووسی توركمان بزر نەكرێ پێویستە لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا بین.