ئیلێستەر بێرد: لەسەر ریفراندۆم هەڵوێستی بریتانیا بە بەرپرسانی هەرێم رادەگەیەنم
دوای سەردانی وەزیری بەرگری ئەمریكاو وەزیری دەرەوەی توركیاو, وەزیرانی دەرەوەو بەرگری فەڕەنسا لە دوو چەند هەفتەی رابردوو, ئێوارەی ئەمڕۆ وەزیری دەوڵەت بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پەرەپێدانی مرۆیی بەریتانیا بۆ تاوتوێكردنی شەڕی داعش و پرسی ریفراندۆم لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی كوردستان كۆدەبێتەوە.
بەریتانیا لە دەستپێكردنی شەڕی داعش، رۆڵێكی كارای لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی گێڕاوە و چەندین راوێژكاری بە مەبەستی مەشق و راهێنانی پێشمەرگە لە هەولێر جێگیركراون.
لە لێدوانێكدا بۆ ژمارەیەك لە میدیاكانی هەرێمی كوردستان، ئیلێستەر بێرد، وەزیری دەوڵەت بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پەرەپێدانی مرۆیی بەریتانیا رایگەیاند: “من لێرەم بۆ ئەوەی ستایشی هێزەكانی پێشمەرگە بكەم، كە لە بەرەكانی پێشەوەی شەڕدان و بەم دواییەش هەماهەنگییەكی زۆر باشیان لەگەڵ هێزەكانی عێراق دروستكرد و توانیان موسڵ و تەلەعفەر كۆنتڕۆڵ بكەنەوە”.
هەروەها گووتی: “بەریتانیا رێز لە قوربانییەكانی پێشمەرگە دەگرێت كە لە بری جیهان شەڕی تیرۆر دەكەن، پەیوەندییەكی زۆر باش لە نێوان لەندەن و هەولێر هەیە و من لێرەم بۆ ئەوەی پەیوەندییەكان بەرەو پێش ببەین. لە ماوەی مانەوەمدا، پرسی ریفراندۆم لەگەڵ بەرپرسان تاوتوێ دەكەم و هەڵوێستی بەریتانیایان پێ دەگەینم”.