بارزانی بەرەو ئەورووپا بەرێكەوت
خواكوڕك
ماڵپەری سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرا كرد ئەمرۆ چوارشەممە 24ـی 8ـی 2016 لە چوارچێوەی سەردانەكەی بۆ وڵاتی توركیا مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەردانی پارلەمانی توركیای كرد و لە لایەن ئیسماعیل قارەمان سەرۆكی پارلەمان پێشوازیی لێ كرا.
وەك لە هەواڵەكەدا هاتووە، لە دیدارێكدا كە جێگری سەرۆكی پارلەمان و نوێنەرانی فراكسیۆنەكانی هەدەپە و جەهەپە و ئەكەپە لە پارلەمانی توركیا ئامادە بوون، سەرۆكی پارلەمانی توركیا خۆشحاڵیی خۆی بۆ سەردانی سەرۆك بارزانی بۆ توركیا دەریڕی و لە گوتەیەكدا باسی لە ڕووداوی كۆدەتاكەی توركیا و هێرش و بۆمبارانی كۆدەتاچیان بۆ سەر پارلەمان كرد و ئەوەیشی خستەڕوو كە شكستی كۆدەتاچییەكان دەبێتە هۆی فراوانتربوونی دیموكراسی لە وڵاتەكەی. لە بەشێكی دیكەی وتەكەیدا باسی لە پێویستیی بەهێزتربوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا كردەوە.
هەروەها ماڵپەری سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لەهەواڵەكەدا ئەوەشی راگەیاندووە، لە بەرانبەردا سەرۆك بارزانی ستاییشی گەلی توركیای كرد كە بە ئیرادەی خۆیان پشتگیریی شەرعیەت و دیموكراسیان كرد و شكستیان بە كۆدەتاكە هێنا. هەر لەم دیدارەدا سەرۆك بارزانی ڕۆشنایی خستەسەر بارودۆخی هەرێمی كوردستان و عێراق و باسیشی لە شەڕی دژی تیرۆریستان و ئامادەكارییەكان بۆ ئازادكردنی شاری موسڵ كرد، پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا تەوەرێكی دیكەی دیدارەكە بوو.
دوای كۆبوونەوەكە سەرۆك بارزانی لەگەڵ ژمارەیەك پارلەمانتاری توركیا ئاسەواری شەڕ و بۆمبارانی كۆدەتاكەی مانگی ڕابردووی لە پارلەمانی توركیا بەسەر كردەوە.
هەروەها ماڵپەری سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ئەوەشی ئاشكرا كردووە، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە 24ـی 8ـی 2016 سەرۆك بارزانی كۆتایی بە سەردانەكەی بۆ توركیا هێنا و بەرەو ئەورووپا بەڕێ كەوت.