پەیامنێرێك: NRT دژی سەربەخۆیی كوردستان كاردەكات بۆیە دەستم لەكاردەكێشایەوە

لەگەڵ ئەوەی پێشتر چەندین كارمەندی كەناڵی NRTدەستیان لەكارێشاوەتەوە, دژایەتی كردنی پرسی سەربەخۆیی لە لایەن ئەم كەناڵە بووەتە مایەیی نیگەرانی زۆری بەشێك لە كارمەندانی بۆیە بەبەردەوامی داواكاری دەست لە كار كێشانەوە پێشكەش دەكرێت, دوا جار پەیامنێری NRT لە بڕۆكسل دەستی لە كار كێشایەوە.

بارزان حەسەن، پەیامنێری كەناڵی ئێن ئاڕ تی، لە برۆكسێلی پایتەختی بەلجیكا، بەهۆی راگەیاندنی كەمپینی “نەخێر بۆ ریفراندۆم” لە لایەن شاسوار عەبدولواحیدی خاوەنی كۆمپانیای نالیاوە، دەست لە كاركێشانەوەی خۆی لەو كەناڵە راگەیاند.

بارزان حەسەن لە ئەكاونتەكەی خۆیەوە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك، دەربارەی دەست لە كاركێشانەوەی لە كەناڵی ئێن ئاڕ تی، روونكردنەوەیداوەو هۆكاری دەست لە كاركێشانەوەكەی خستووەتەڕوو.

بارزان دەڵێت: ” زیاتر لەدوو ساڵ دەبێت وەكو پەیامنێری ئێن ئارتی لەبرۆكێسل لەسەرجەم دام ودەزگاكانی یەكێتی ئەوروپاو رێكخراوی ناتۆ كارم كردووەو دەربارەی پرسە نەتەوەییەكان پرسیارم ئاراستەی بەرپرسانی ئەوروپا كردووە، بەھەموو شێوەیەك ھەوڵمداوە رووماڵی بێلایەنانەی سەرجەم كۆنفرانس و كۆبوونەوەوەی لایەنە سیاسییە كوردییەكان و چالاكییەكانی رەوەندی كوردی بكەم”.

هەروەها دەڵێت: ” لەكۆتایدا، ئەم بارودۆخەی ئێستا دەخوازێت ئێمە یەك دەنگ بین لەپرسە نیشتیمانییەكانداو ھەموومان پێكەوە بڵێین بەڵێ بۆ ریفراندۆم و سەربەخۆی كوردستان، بەڵام بەهۆی راگەیاندنی كەمپینی نەخێر بۆ ریفراندۆم لە لایەن شاسوار عەبدولواحیدی خاوەنی كۆمپانیای نالیاوە، بڕیارمدا دەست لە كاربكێشمەوە” .

بارزان یەكەم كارمەند نییە كە بەهۆی سیاسەتەكانی كەناڵەكە و خاوەنەكەیەوە دەست لە كاردەكێشێتەوە، یان ناچار دەكرێن ئەو دامەزراوە میدیاییە جێبهێڵن كە ئێستا كەوتووەتە خزمەتی كەمپینی “نەخێر لە ئێستادا”ـی خاوەنەكەیەوە، بەڵكو پێشتریش لە ناوەندی كەناڵەكەو دەرەوەی وڵاتیش، ژمارەیەك كارمەندی دیكە دەستیان لە كاركێشابووەوە.

چەند رۆژێك پێش ئێستا هەر یەكە لە پەیامنیرەكانی ئێن ئاڕتی لە لەندەن و پاریس، دەست لە كاركێشانەوەی خۆیان لەو كەناڵە راگەیاندبوو.

Back to top button