نووسەرێكی ناسراوی عەرەب: هەموو رژێمەكانی عێراق دژی گەلی كوردستان بوون
لەگەڵ نزیك بوونەوەی وادەی سەربەخۆیی كوردستان, پشتگیری بۆ هەنگاوەكانی هەرێم بەتایبەت ڕیفراندۆمی كوردستان بەرفروانتر بووە, لەم چوار چێوەیە نووسەرێكی ناسراوی عەرەب لە وتارێكدا، رایگەیاندووە، كە هەموو رژێمەكانی عێراق دژی گەلی كوردستان بوون و بە هەموو شێوەیەك مافی ئەو گەلەیان پێشێل كردووە.
حازم ساغیە، نووسەر و رۆژنامەنووسی لوبنانی لە وتارێكدا لە رۆژنامەی (ئەلحەیات)ی وڵاتەكەی، رایگەیاندووە، كە ئەوانەی رەخنە لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستانی عێراق دەگرن، دوو جیاوازیی گەورەیان هەیە، یەكەمیان داوای دواخستنی دەكات و دووەمیان بیرۆكەی ریفراندۆم و سەربەخۆیی لە بنەڕەتەوە رەت دەكاتەوە.
حازم ساغیە لە وتارەكەیدا باسی ئەوەی كردووە، كە ئەوانەی بیرۆكەی ریفراندۆم و سەربەخۆیی هەرێمی كوردستانی عێراق رەت دەكەنەوە بەهانەی ئەوە دەگرن، كە عێراق دابەش دەبێ و ئیسرائیلێكی دیكە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست دەبێت، ”بەڵام كۆڵەوارن، چونكە عێراق، كە رژێمەكەی شكستی هێناوە، بە كردەیی دابەش بووە“.
ئەو نووسەرە پێی وایە ئەوانەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستانی عێراق بە ”بەهانەی دووبارە“ رەت دەكەنەوە، ”هیچ بایەخێك“ بۆ رای گەلی كوردستان دانانێن و وەك خزمەتكار لە گەلی كوردستان دەڕوانن.
حازم ساغیە بێ متمانەیی گەلی كوردستان بە رژێمەكانی عێراق بە مافی ئەو گەلە دەزانێ و نموونەی مێژوویی رێككەوتن و كارەساتەكان، كە بەسەر گەلی كوردستاندا هێنراون، باس دەكات و دەڵێت، ”كوردەكان بە كام عێراق دەسخەڕۆ دەدەن؟، عێراقی عەبدولكەریم قاسم، كە شەڕی دژی كوردستان ئەنجامدا لە 1961، یان عێراقی بەعس لە 1963، كە هانای بۆ هێزەكانی سووریا برد دژی كوردستان، یان عێراقی ئەحمەد حەسەن بەكر، كە لە ساڵی 1970 رێككەوتنی لەگەڵ كوردستان كرد و هەڵی وەشاندەوە، یان عێراقی سەدام حوسێن بە كیمیاوی و ئەنفالەوە، یان عێراقی دوای 2003؟“.
ساغیە،كە لە وتارەكانیدا زۆرتر باسی كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكات، ئاماژەی بەوەش كردووە، گەلی كوردستان، كە ”بەریتانیا بە زەبری هێز كردنییە عێراقی“، سێ جۆر سیستەمی حوكمڕانیی عێراقی تاقی كردووەتەوە، كە هەر سێكیان دژایەتیی ئەو گەلەیان كردووە و بریتین لە ”دەسەڵاتی نیشتمانی بەسەرۆكایەتیی عەبدولكەریم قاسم، دەسەڵاتی سوننەمەزهەبەكان بە سەرۆكایەتیی سەدام حوسێن و دەسەڵاتی شیعەمەزهەبەكان لە دوای 2003“.
ئەو نووسەرە لوبنانییە وەك هاووڵاتییەكی عەرەب پرسیار لە دەسەڵاتدارانی عێراق دەكات و بە سەرسوڕمانەوە دەڵێت، ”بۆ ئەوەندە خوێنە بڕێژین بۆ پابەندكردنی كورد بۆ مانەوە لەو زیندانە وەك خزمەتكارێك؟ بۆ پێیان بڵین لەگەڵمان بمێننەوە ئەگەرنا ئێوە خیانەتكارن؟“.