سەنتەری میترۆ: دەركردنی كارمەندان لە لایەن (NRT) یەوە نائاساییە, دژ بە مافی رۆژنامەنوسانە

 

لە ماوەی رابردوو زنجیرەیەك دەست لە كار كێشانەوە لە نێو كەناڵی (NRT) دەبینرا بەڵام لە ئێستادا بەهۆی هاوڕانەبوونیان لەگەڵ خاوەنی كەناڵەكە كە دژ بە سەربەخۆیی كوردستان كەمپینی دروستكردووە, ژمارەیەك كارمەند لە كەناڵەكە دورخرایەوە, سەرۆكی ڕێكخراوی میترۆ بۆ داكۆكیكردن لە مافی ڕۆژنامەنووسان، ڕای گەیاند، ھەر ڕۆژنامەنوسێك لەلایەن دەزگاكەیەوە مافی بخورێت و لە دادگا سكاڵا تۆمار بكات، ئێمە بەرگری لێ دەكەین.
رەحمان غەریب، سەرۆكی ڕێكخراوی میتر بۆ داكۆكیكردن لە مافی ڕۆژنامەنوسان, ڕایگەیاندووە: “دەركردنی كارمەندانی كەناڵی (NRT) كارێكی ئاسایی نییە، ھەروەھا شتێكی دیكەش ھەیە كە ڕۆژنامەنووسان لەكاتی واژۆكردنی گرێبەست لەگەڵ دامەزراوەكەدا ڕەچاوی ناكەن، ئەویش ئەوەیە واژۆ لەسەر ئەو خاڵە دەكەن كە نوسراوە (ھەركاتێك دامەزراوەكە ویستی گرێبەستەكە ھەڵبوەشێنێتەوە، ئەوا ئازادە)، ئەوەش دژی ڕۆژنامەنووسان خۆیانە”.
سەرۆكی ڕێكخراوی میترۆ، بە پێویستی دەزانێت لە كاتی واژۆكردنی ھەر گرێبەستێك، سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان ئاگادر بكرێتەوە، بۆ ئەوەی ڕۆژنامەنووسان وریا بكەنەوە.
ئەوەشی روون كردەوە، كە ھەموو ئەو گرێبەستانەی لە نێوان ڕۆژنامەنووسان و دەمەزراوەكاندا ئەنجام دەدرێت، گرفتی زۆری تێدایە، دەزگاكانیش مافی ڕۆژنامەنووسان دەخۆن، دەشڵێت “سەرنجم لەسەر گرێبەستەكانی ڕۆژنامەنوسان ھەیە، چونكە دەبێت پێش سێ مانگ رۆژنامەنووس ئاگادار بكرێتەوە كە دەردەكرێت، ھەروەھا دەبێت مووچەی سێ مانگی پێ بدرێت تا ئەو كاتەی ئیشێكی دیكە دەدۆزێتەوە، ئەوەش لە كەناڵی (NRT) پەیڕەو نەكراوە، بۆیە ئسوڵی نییە”.
رەحمان غەریب، سەرۆكی ڕێكخراوی میترۆ, گوتیشی: “پاڵپشتی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی كەناڵی (NRT)ی دەكەین كە دەركراون، بە ستەم لێكراویان دەزانین، چونكە پێشتر ئاگادرا نەكراونەتەوە، ھەروەھا ھەر ڕۆژنامەنووسێكیش ھەست بەوە دەكات، كە زوڵمی لێكراوە، ئەوا بابچێت لە داداگا سكاڵا تۆمار بكات، ئێمە پارێزەری خۆبەخشمان ھەیە و بەرگری لێدەكەین بۆ ئەوەی مافی خۆی وەربگرێتەوە”.
شاسوار عەبدولواحید، خاوەنی گرووپی كۆمپانیاكانی نالیا و تەلەڤزیۆنی (NRT) مانگێك بەر لە ئێستا گرووپی (نەخێر)ی بۆ سەربەخۆیی كوردستان راگەیاند، كەناڵەكەش رێكلام بۆ ئەو گرووپە دەكات، بەھۆیەوە چەندین رۆژنامەنووس و كارمەندی ئەو كەناڵە، كە پشتگیری خۆیان بۆ سەربەخۆیی كوردستان دەربڕیوە، لە كەناڵەكە دەركراون.

Back to top button