بەرپرسێكی باڵای ئیمارات: كورد مافی سەربەخۆبوونی هەیە

لەگەڵ نزیك بوونەوەی وادەی سازدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی باشوری كوردستان, تا دێت لە سەر ئاستی ناوخۆو دەرەوەی كوردستان پشتگیری بۆ سەربەخۆبوونی كوردستان زیاد دەبێت, لە دواهەمین تویتی بەرپرسێكی باڵای ئیماراتی عەرەبیی یەكگرتوو پشتگیریی خۆی بۆ سەربەخۆیی كوردستان رادەگەیەنێت و دەڵێت، كورد مافی سەربەخۆبوونی هەیە.
فەرقی زاحی خەلفان تەمیم، جێگری سەرۆكی گشتیی پۆلیس و ئاسایشی دوبەی لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی كۆمەلایەتیی (تویتەر)، رایگەیاندووە، كە ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستانی عێراق مافێكی یاسایی گەلی كوردستانە بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی و دروستكردنی دەوڵەتی سەربەخۆ.
زاحی خەلفان تەمیم هەروەها رایگەیاندووە، گەلی كوردستان شایستەی بوون بە دەوڵەتە نەك خەڵكەكەی پەراویزخراوبن، ”كاتی ئەوە هاتووە ستەم لەسەر برا كوردەكانمان هەڵبگیرێت“.
ئەو فەرماندەیەی پۆلیسی دوبەی بە سەرسوڕمانەوە دەپرسێ، ”بۆچی كورد سەربەخۆ نەبێ؟“، لە كاتێكدا دەوڵەتان هەموو ”ئاوات و ئامانجەكانیان لەناوبردوون“.
لە كۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە 7.6.2017ـی مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ نوێنەر و سەركردەی حزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان، بڕیاردرا رۆژی 25ـی ئەیلوولی 2017 ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان لە هەرێمی كوردستان، كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، ئەنجام بدرێت.

Back to top button