كۆسرەت ڕەسووڵ: دەبێ پەرلەمان كارا بكرێتەوە
دوای ئەوەی پارتی دەست پێشخەری پێشكەش كرد كە ئامادەیە بە بێ مەرج پەرلەمان كارا بكاتەوە, لە بەرامبەر هەنگاوەكانی پارتی بزووتنەوەی گۆڕان ئامادە نەبوو پەرلەمان كارا بكاتەوە, لە پێناو كارا كردنەوەی پەرلەمان یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە هەولی قەناعەت پێ هێنانی بزووتنەوەی گۆڕان بوو بەڵام گۆڕان ئامادە نەبوو, سەركردایەتی یەكێـتی رایدەگەیەنێت كە دەبێت پەرلەمان كارا بكرێتەوە ئەگەر بە بێ بزووتنەوەی گۆڕانیش بێت.
كۆسرەت ڕەسووڵ عەلی، جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە میدیای فەرمی یەكێتێ ڕاگەیاند: “ناوچەكە بە هەلومەرجێكی هەستیار و چارەنوسسازدا تێدەپەرێ و بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و هێنانەدیی یەكێتی ڕیزەكانی گەلەكەمان پێویستمان بە ئارامی و گفتوگۆی بەرپرسیارانەیە.
لەبارەی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتی، كۆسرەت ڕەسووڵ، ئەماژە بەوەش دەكات: “لە هەلومەرجێكی هەستیاردا كۆبوونەوەیەكی گرنگ ساز دەكەین و یەكێتی هەڵوێست و سیاسەتی هاوسەنگ و سەربەخۆ و ڕوونی هەیە لەبارەی كۆی پرسو كێشەكانەوە”.
ڕوونیشی كردەوە: “پەرلەمان وەك دەزگایەكی نیشتمانیی گرنگ، كە بە دەنگی گەلی كوردستان هەڵبژێردراوە، پێویستە كارا بكرێتەوەو پرسە نەتەوەیی و نیشتمانی و یاساییە گرنگەكان لەوێ بڕیار و یاسای بۆ دەربكرێت”.
لە بەشێكی دیكەی گوتەكەیدا جێگری سكرتێری گشتی باسی لەوەش كرد: “یەكێتیی ناو یەكێتی دەپارێزین و بە ئارامی و گفتوگۆی هەڤاڵانە و ڕەچاوكردنی بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلەكەمان و یەكێتی هەنگاو بۆ چارەسەركردنی كێشەكان دەنێن”.