راگەیەنراوی حكومەتی هەرێم لەسەر تاوانی دژ بە موسلمانانی میانمار

 

حكومەتی هەرێم راگەیانراوێكی بڵاوكردەوەو تاوانەكانی دژ بە موسوڵمانانی رۆهینگیای وڵاتی میانمار سەركۆنە دەكات.
رۆژی پێنجشەممە 7-9 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان راگەیەنراوێكی لەبارەی بارودۆخی وڵاتی میانمارو ئەوەی بەسەر موسوڵمانانی رۆهینگیای هەرێمی ئاراكاندا دێت، بڵاوكردەوەو وێڕای سەركۆنە كردنی داوا دەكات، هەنگاوی جدی بگیرێتەبەرو كۆتایی بە تراژیدیاو كارەساتی خەڵكی سڤیل و بێدەسەڵاتی رۆهینگا بهێنرێت و تاوانباران بە سزای خۆیان بگەیەنرێن.
لە راگەیەنراوەكەدا هاتوە، گەلی كوردستان كە كارەساتی كیمیاباران و ئەنفال و تاوانەكانی داعشی دژ بە خوشك و برایانی ئێزدی و پێكهاتەكانی دیكەی كوردستان بینیوە، لە نزیكەوە هەست بە ئازار و مەینەتییەكانی موسوڵمانانی رۆهینگیا دەكات و هاوسۆزی و پشتیوانییان بۆ دەردەبڕێت.

دەقی راگەیەنراوی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان:
ئەو تاوانانەی لە كوشتن و راوەدوونان و دەربەدەركردن دژی هاووڵاتییانی سڤیل و موسوڵمانانی رۆهینگیا لە میانمار ئەنجام دەدرێن، بە توندی سەركۆنەیان‌ دەكەین.
گەلی كوردستان كە كارەساتی كیمیاباران و ئەنفال و تاوانەكانی داعشی دژ بە خوشك و برایانی ئێزدی و پێكهاتەكانی دیكەی كوردستان بینیوە، لە نزیكەوە هەست بە ئازار و مەینەتییەكانی موسوڵمانانی رۆهینگیا دەكات و هاوسۆزی و پشتیوانییان بۆ دەردەبڕێت.
مایەی نیگەرانییە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نەیتوانیوە رێگە لەو تاوانانە بگرێت و دووبارە و چەندبارە دەبنەوە، بۆ رێگری لەو تاوانانە داواكارین هەنگاوی جددی بگیرێتە بەر و كۆتایی بە تراژیدیا و كارەساتی خەڵكی سڤیل و بێدەسەڵاتی ڕۆهینگا بهێنرێت و تاوانباران بە سزای خۆیان بگەیەنرێن.

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان

Back to top button