بارزانی: هەر گەلێك پشت بە خۆی نەبەستێت و پشت بە ئەوانی دیكە ببەستێت ناگاتە هیچ شتێك

 

لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كەناڵی ئەلعەرەبییە رایگەیاند، ریفراندۆم بڕیارێكی راست و درووستی خەڵكی كوردستانە و ئەگەر سەركەوتوو بوونایە لە هاوبەشی راستەقینە لە عێراقدا ئەوا رەنگە ریفراندۆم دواخرابا یان لەكاتێكی دیكەدا كرابا.

سەرۆك بارزانی گوتیشی: ئەو بڕیارە بڕیاری گەلی كوردستانە و هەر گەلێك پشت بە خۆی نەبەستێت و پشت بە ئەوانی دیكە ببەستێت ناگاتە هیچ شتێك.

هەروەها روونیكردەوە، ئەوانەی داوای دواخستنی ریفراندۆم دەكەن پاساویان لاوازە و ئەوان راسپاردەیان ئەوە بووە، دوای بخەین، بەڵام نەیانوتووە ئێمە لە دژی ریفراندۆمین.

جەختیشی لەسەر ئەوە كردەوە، ئێمە سوورین لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم و ئەوانەی داوای دواخستنی دەكەن، وەڵاممان ئەوە بووە، بەدیلتان چییە و ئایا رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدایە یان دەستەبەری نێودەوڵەتیمان پێ دەدرێت.

لە بەشێكی دیكەی چاوپێكەوتنەكەیدا، سەرۆك بارزانی باسی ئەو تاوانانەی كرد، كە رژێمە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق بەرامبەر بە گەلی كوردستان ئەنجامیانداوە و ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، هەر لە سەرەتای دامەزراندنی عێراقەوە ستەم لە كورد كراوە، بەڵام ستەمی سەردەمی پادشایەتی لە عێراقدا نەگەیشتبووە ئەو توندوتیژییەی رژێمی سەدام حوسێن بەرامبەر بە كورد ئەنجامیدا.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان روونیشیكردەوە، هەرێمی كوردستان یەكلایەنە نەوتی هەناردە نەكردووە، تا ئەو كاتەی حكومەتی عێراق بودجە و مووچەی خەڵكی كوردستانی بڕی، ئینجا هەرێمی كوردستان بڕیاریدا نەوت هەناردە بكات.

ئەوەشی گوت: ئێمە لەسەر بنیاتنانی دەوڵەتێكی مەدەنی دیموكراتی رێككەوتین، بەڵام ئێستا حكومەتێكی مەزهەبی و تائیفی دەسەڵاتی گرتووەتە دەست.

سەرۆك بارزانی، جەختی لەسەر ئەوەشكردەوە، بۆ ریفراندۆم تا بەدیلێكی باشتر لە ریفراندۆم نەخرێتەڕوو، ئێمە لەسەر رێگەی خۆمان بەردەوام دەبین.

سەرۆك بارزانی رەتیكردەوە، هەڵوێستی ئێستای هەرێمی كوردستان پەیوەندی بە لێپرسینەوە لە وەزیرە كوردەكان هەبووبێت و گوتی: بەر لە چوار ساڵ هۆشداریمان داوە و حكومەتی عێراق رۆژ لە دوای رۆژ لە پرسی هاوبەشی دوور دەكەوتەوە و دەستووری پێشێلدەكرد.

سەرنجیشی بۆ ئەوە راكێشا بەر لە 2003 هەرێمی كوردستان دەسەڵاتی زۆر زیاتر بوو لە ئێستا و زۆرتر سەربەخۆ بوو، بەڵام لە پێناو بنیاتنانی دەوڵەتێكی مەدەنی و هاوبەشی راستەقینە چووینەوە بەغدا.

ئاشكراشیكرد، دوای ریفراندۆمیش ئێمە روودەكەینەوە بەغدا و بەردەوام دەبین لە دانووستان بۆ ئەوەی بگەینە رێككەوتن و ئێمە نامانەوێت بە توندوتیژی و شەڕ چارەنووسمان دیار بكەین و دانووستانی داهاتوومان تایبەت دەبێت بە پرسی سەربەخۆیی نەك شتی لاوەكی دیكە.

سەرۆك بارزانی، گوتیشی: دەوڵەتی كوردستان، عەرەب و توركمان و كلدان و ئاشوور و ئەرمەنی تێدایە و دەوڵەتی هەموویانە و هاوبەشی راستەقینەن و دەوڵەتەكە بۆ هەموویان دەبێت و ئەو دەوڵەتە دەبێتە كلیلی چارەسەری قەیرانەكان و نابێتە هەڕەشە بۆ سەر هیچ لایەك.

سەرۆك بارزانی لە بارەی ئەزموونی باشووری سوودانەوە، گوتی: وێڕای رێزم بۆ گەلی باشووری سوودان، بەڵام گەلی كوردستان و گەلی باشووری سوودان جیاوازن و ناكرێت بە هیچ شێوەیەك بەراوردی نێوان ئەو دوو گەلە بكرێت.

سەبارەت بە پەیوەندی داهاتووی دەوڵەتی كوردستان لەگەڵ پارچەكانی دیكەی كوردستان، سەرۆك بارزانی، رایگەیاند، دەوڵەتی كوردستان پەیوەندی نییە بە بەشەكانی دیكەی كوردستانەوە و هەر بەشێك خۆی بڕیار لە چارەنووسی خۆی دەدات و دەوڵەتی كوردستان دەست وەرناداتە كاروباری ناوخۆی هیچ پارچەیەكی كوردستانەوە.

سەرۆك بارزانی گوتیشی: دوای بەدەستهێنانی سەربەخۆیی، ئەركی سیاسییم كۆتایی دێت و ئەو كاروانە دەدرێتە دەست نەوەكان.

لە بارەی هەڵوێستی هەرێمی كوردستان لە مەڕ ئێرانەوە، سەرۆك بارزانی گوتی: رێگە بە ئێران نادەین دەست لەكاروباری ناوخۆی ئێمە وەربدات و لەسەر ئەوە رێككەوتووین كە مافی دراوسێیەتی بپارێزین.

سەبارەت بە قۆناغی دوای وازهێنانی لە سەرۆكایەتی، سەرۆك بارزانی گوتی: من پێشمەرگەم و هەر بە پێشمەرگەش دەمێنمەوە.

سەرۆك بارزانی باسی لەوەشكرد، هەرێمی كوردستان لە یەك كاتدا رووبەڕووی ژمارەیەك قەیران بوویەوە، لەوانە دابەزینی نرخی نەوت، بڕینی بودجە و موچەی هەرێم، هاتنی ئاوارە و پەنابەران كە ژمارەیان گەیشتووەتە دوو ملیۆن و هاوكات رووبەڕووی شەڕی داعش بووینەوە، كە بە درێژایی زیاتر لە هەزار كیلۆمەتر لە شەڕدا بووین و هەموو ئەوانە وایانكرد، رەوڕەوەی ئاوەدانی و گەشەی ئابووری دوابكەوێت.

سەرۆك بارزانی لە بەشێكی دیكەی چاوپێكەوتنەكەیدا ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، لە هەرێمی كوردستان لایەنی ئیسلامی هەن، كە پابەندن بە ئاسایشی نیشتیمانییەوە و لایەنی پابەندن و رێگە بە توندوتیژی نادەین و لە چوارچێوەی یاسا مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت.

Back to top button