لە گردبوونەوەی سنە 10 كەس دەستگیر كران

دوای كوژشتنی دوو كۆلبەری كورد لە لایەن سوپای پاسدارانی ئێران, ناڕەزایەتیەكی جەماوەری شەقامی چەند شارێكی كوردستانی رۆژهەلاتی گرتەوە, ئەمڕۆ لە گردبوونەوەی ناڕەزایی جەماوەری سنە بۆ پشتگیری لە كۆڵبەرانی كورد، 10 هاووڵاتیی كورد لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی ئێرانەوە دەستگیر كراون.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوی مافی مرۆڤیی (هەنگاو) ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 2017/9/7 هەزاران كەس لە خەڵكی شاری سنە بەمەبەستی پشتگیری لە ویست و داخوازیی شاری بانە، هەروەها كۆڵبەران ڕژانە سەرشەقام و لە شەقامەكانی فیردەوسی و مەیان ئیقباڵ و سێ ڕێیانی نمەكی گردبوونەوەی ناڕەزایەتییان پێكهێنا.
بەپێی هەمان سەرچاوە، هێزە ئەمنییەكانی حكوومەتی ئێران زیاتر لە 10 كەسیان دەستبەسەر كردووە.
ئەو هاووڵاتییانە لە كاتێكدا دەستبەسەر كراون كە دروشـمی “من كۆڵبەرم”یان گوتووەتەوە.

هەتا ئیستا ناسنامەی ئەو دەستبەسەركراوانە ئاشكرا نەبووە.

ڕۆژی چوارشەممە خەڵكی شاری بانە بە نیشانەی ناڕەزایی بە كوژرانی دوو كۆڵبەر خۆپیشاندانێكی فراوانیان ڕێك خست كە تێیدا زیاتر لە دە كەس دەستگیر كراون و چواردە هاووڵاتی بریندار و هاوكات چوار كەس لە هێزە ئەمنییەكانی حكوومەتیش بریندار بوون.

 

Back to top button