‎نێچێرڤان بارزانی بۆ چی بێ دەنگە؟!

‎پیران ئەمیر
 
‎لە ماوەی ڕابردوو هەندێک لە میدیاکان بە مەبەست و ئامانجی دیاریکراو پرسی بێدەنگی نێچیرڤان بارزانی و ڕیفراندۆمی سەربەخۆییان قۆستەوە بۆ بەبازاڕکردنی (تسویق) هەواڵ و خوێنەر لەخۆ کۆکردنەوە،ئاخر لە دنیای ڕاگەیاندندا کەسایەتیە گەورەو کاریگەرەکان زۆرجار بێدەنگیشیان دەبێتە هەواڵی گرنگ چونکە میدیا دەزانێت کە ئەو جۆرە کاراکتەرانە چەند کاریگەریان لەسەر کۆمەڵگا هەیە.
‎ئیشی ئێمە شیکار کردنی ئامانجی میدیاکان نیە لەم وتارەدا،بەڵکو قسەکردنە لە هەژاری و کورت بینی هەندێک میدیاکارو میدیا،ئەوان پێیان وایە پشتگیری کردن لە سەربەخۆیی تەنها لە ڕێگەی گوتارەوە دەبێت،بێ ئاگا لەوەی ئەم پرسە چارەنوس سازە پێویستی بە دابەشکردنی ڕۆڵ و کارەکانە (توزیع الآدوار)،تۆ کاتێک سەرنج دەدەیت جەنابی سەرۆک جگە لە پێشوازی لە شاندی وڵاتان و دیدارە کەسی و گشتیەکان بە وڵاتاندا وەک گەڕیدە پەیامی گەلی کوردستان و ئامانجی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ڕوون دەکاتەوەو بە حەفتاو یەک ساڵی تەمەنەوە بۆتە کێوی ورەو وزە بۆ هەموان و نێچیرڤانیش جگە لە دەرکەوتنێکی کەم و پێویست نەبێت بە سروستی خۆی دوور لە چاوی میدیا لەبەئەنجام گەیاندنی ئەرکەکانی بەردەوامە،لە بواری ئاسایش و ئارامیشدا دیارە کە کوردستان لە ناو ئاگری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چەند ئارام و هێمنە.
‎ڕوونە پێشتر بنەماکانی دەوڵەت خاک،خەڵک و سیستم بوون لێ لە ئێستا ڕاگری هەرە بنەڕەتی دەوڵەتی هاوچەرخ بونی پەیوەندی دبلۆماسی و پێکەوە گرێدانی بەرژەوەندیەکانە لەگەڵ کۆمپانیاو وڵاتە زلهێزەکان لە لایەک و پرسی مافی مرۆڤ و ئازادی و پێکەوە ژیانە لە لایەکی تر،هەموانیش لێمان ڕوونە کۆڵەکەی ئابوری سەربەخۆی کوردستان ئەندازیارەکەی نێچیرڤان بارزانیە،جا گەر لە بری چاو بە عەقڵ و داناییەوە لەو پرسانە بڕوانین کە ڕاگری دەوڵەتی هاوچەرخن دەرک دەکەین نێچیرڤان بارزانی یەكێكە لە کاراکتەرە سەرمەشقەکانی پرسی سەربەخۆیی کوردستان و گومان کردن و گومان دروست کردن لە مەڕ پشتیوانی و کارەکانی بە ئاڕاستەی سەربەخۆیی کوردستان لە ڕاستیدا جگە لە خۆگەوجاندن و کاڵفامی شتێکی دیکە نیە.
Back to top button