ھەڵمەتی بانگەشەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی لە سلێمانی دەستی پێكرد

دوای كرانەوەی دەرگای بانگەشە بۆ ریفراندۆمی سەربەخۆی باشوری كوردستان لە لایەن كۆمسیۆنی باڵای هەرێم, ئەمڕۆ ھەینی لە شاری سلێمانی، ھەڵمەتی بانگەشەی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی ھەرێمی كوردستان دەستی پێكرد، وا بڕیارە لە چەند ڕۆژی داھاتووشدا ھەڵمەتەكە بە شێوازی جۆراوجۆر فراوانبوونی بەرچاو بەخۆیەوە ببینێ.
جگە لە ھەڵواسینی ئاڵای كوردستان، لە چەند شەقامێكی سەرەكی شاری سلێمانی، وێنەكانی جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانی، وەك دوو سەركردەی كوردستان بە ئاماژەكردن بۆ (بەڵێ) بۆ بانگەشەی ڕیفراندۆم ھەڵواسراون.
وا بڕیارە لە چەند ڕۆژی ھاتوودا لە شاری سلێمانی، بانگەشەی ڕیفراندۆم گەرموگوڕی زیاتر بەخۆیەوە ببینێ، بە جۆرێك بە چەند شێوازێكی جۆراوجۆر بانگەشە بۆ ڕیفراندۆم بكرێت، ھەروەھا ئێوارەی ڕۆژی یەكشەممە ژمارەیەك گەنج بە ھەڵكردنی پەڕەشوت لە چیای گۆیژەی شاری سلێمانی بانگەشە بۆ ڕیفراندۆم دەكەن.

Back to top button