عەبدولقەهار سامەڕائی بۆ كورد: پشتیوانتان دەبین بۆئەوەی ببینە دراوسێ

لەگەڵ نزیك بوونەوەی وادەی سازدانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی باشوری كوردستان پشتگیری لەسەر ئاستی ناوخۆو درەوەی كوردستان تا دێت فراوانتر دەبێت, سەرۆكی فراكسیۆنی عەمەل لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێ، هەفتەی داهاتوو بۆ بڕیاردان لەسەر ناردنی چاودێر بۆ گشتپرسیی باشووری كوردستان كۆدەبنەوە. دەشڵێت: “بەلایەنی كەمەوە پشتیوانیی كورد دەبین بۆئەوەی ببینە دراوسێ”.

عەبدولقەهار سامەڕائی، سەرۆكی فراكسیۆنی عەمەل لە پەرلەمانی عێراق: “هەفتەی داهاتوو وەكو هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەكان كۆبوونەوە لەسەر ئەم پرسە دەكەین و بیروبۆچوونەكانمان دەگۆڕینەوە، بۆچوونی نوێنەرانمان و خەڵكی خۆمان لە ناوچە كێشە لەسەرەكان وەردەگرین، پاشان لەگەڵ لایەنە كوردییەكان و برایانمان لە كەركووك و نوێنەرانمان لە خوورماتوو تاوتوێی دەكەین. لەگەڵ پێكهاتەكانی دیكەش لە هەموو ناوچەكان و لە سنووری دیالەش كۆدەبینەوە، دواتر بۆچوونی خۆمان بە ئاشكرا رادەگەیێنین”.

سامەڕائی گوتیشی: “ئێمە لەگەڵ تەواوی مافەكانی كوردین لەچوارچێوەی قەوارەیەكی یەكگرتووی بەهێز، دەبێ كوردیش ئەوە لەبەرچاوبگرێت بژاردەیەك بەكاربهێنێت ئارامی و سەقامگیری ناوچەكە بپارێزێت”.

سەرۆكی فراكسیۆنی عەمەل لە پەرلەمانی عێراق كە فراكسیۆنی سوننییە، بە دەربڕینی پەیامی پشتیوانی بۆ كورد و خەڵكی كوردستان گوتی: ” ئێمە بەلایەنی كەمەوە پشتیوانتان دەبین بۆ ئەوەی ببینە دراوسێ، لەهەمانكاتدا رێز لە یەكدی بگرین و لەسەر بنەمای رێز مامەڵە لەگەڵ یەكدیدا بكەین”.

Back to top button