گۆڕان و یەكێتی گالتە بە عەقلی قاعیدەی خۆیان دەكەن
خواكوڕك
لەچوارچێوەی رێكەوتن و ئاڵوگۆڕی پۆستی پارێزگای سلێمانی یەكێتی و گۆڕان جارێكی تر رووبەروی هەمان ئەو دروشمانە دەبنەوە كە لە 23ی حوزەیران هەڵیاندابوو لەژێر ناوی ئیرادەی دامەزراوەكان نابێت بشكێنرێت، دەستی حزبی زاڵ بێت بەسەر حكومەت و ئەمەش زۆرترین رەخنەكانی نەوشێروان مستەفا و یەكێتی بووە لە پارتی دیموكراتی كوردستان لەماوەی رابردوو.
هەر لەو بارەیەوە نووسەر وچاودێری سیاسی زكری مووسا لە پۆستێكی دا لە تۆری كۆمەڵایەتی فیس بووك دەنووسێت، نەوشیروان مستەفا و هێرۆ ئیبراهیم بۆ دیاریكردنی پۆستەكانی پارێزگای سلێمانی لەگەڵ فڕاكسیۆنەكانیان كۆبوونەوە. كەسیش باس ناكات كە ئەوە دەستێوەردانی حزبە لە كاروباری ئیداری. هەڵبژاردن كراوە، ئەنجوومەن هەیە، یاسا هەیە كەچی خەڵكی حزبی و ناڕەسمی ئەبێ بڕیاری كۆتایی بدەن. ئەوە نموونەی مەدینەی ئەفڵاتۆنیی حزبە سەرەكییەكانی زۆنی سەوزە. حزب سەرەتا و كۆتایی هەموو شتێكە و كەسیش نقەی لێوە ناهێت.
هەر لەو بارەیەوە چاودێرانی سیاسی دەلێن كێشەكان كە ئەمرۆ كوردستانی تێكەوت لە23ی حوزەیران لەژێر ناوی ئیرادەی پەرلەمانتار و پەرلەمان دەستی پێكردوو و لە 19ی ئاب كە كاتێك حزبەكان رێكەوتن هەر لەژێر ئەو ناوە تەقێنرایەوە و كوردستانی گەیاندە ئەو دۆخە چەق بەستووە. كاتێك یوسف محمەد لە پەرلەمان گوتی كەس ناتوانێت ئیرادەی پەرلەمان تێك بشكێنێت، ئێستا كات ئەوەیە ئاڵوكۆڕی پۆستەكانی پارێزگاكانی هەڵەبجە و سلێمانی بكرێت بەڵام ئاڵۆزیەكانی ئەو دوو حزبە لەئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی گەیشتە قوناغێك كە نەتوانرا لەوادەی خۆی بەپێی رێكەوتنەكە دواخرا، بەڵام بە تەداخوڵی راستەوخۆی نەوشێروان مستەفا و هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ئەم ئاڵوگۆركێیە، بریاری لێدراوە لەگەڵ فراكسیۆنەكانی ئەو دوو حزبە.
هەروەها چاودێرانی سیاسی دەشلێن، پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا لەوادەی خۆی ئەو پۆستە لەژێر ئەمری نەوشێروان مستەفا و هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ئاڵوگۆڕكێ دەكرێت؟ ئەگەر بكرێت پرسیار ئەوەیە ئایا ئەو دوو حزبە بۆچی لە 23ی حوزەیران و 19ی ئاب ئەو دۆخەیان بەسەر كوردستان هێنا و لەپای چی بوو؟ كاتێك ئەمری ئەو دوو كەسە ئەتوانێت ئیرادەی نوێنەری خەڵك بشكێنێت، چۆن بوو لە 19ی ئاب و 23ی حوزەیران نەی شكاند، ئایا ئەمە گالتەكردن نیە بەغەقلی جەماوەری خۆیان دەكەن؟