ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی: نازانین كێ پۆستەرەكانی سلێمانی داناوە و لێشیكردۆتەوە
ئەنجومەنی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سلێمانی و هەڵەبجە رایدەگەیەنێت، بەهیچ شێوەیەك ئەو پۆستەرانەیان هەڵنەواسیوە كە وێنەی سەرۆك بارزانی و جەلال تاڵەبانی و لەسەر بووە.
عەتا شێخ حەسەن وتەبێژی ئەنجومەنی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سلێمانی و هەڵەبجە هاوكات ئەندامی ئەنجومەنی باڵای كوردستانی بۆ كەرنەڤاڵی ریفراندۆم و سەربەخۆیی رایگەیاندووە “بەهیچ جۆرێك ئەو پۆستەرانەمان دانەناوە كە لە شاری سلێمانی بۆ چەند كاتژمێرێك هەڵواسران و دواتر لێكرانەوە”.
دوێنێ هەینی 8-9-2017، لە هەندێك شەقامی گشتیی شاری سلێمانی، ژمارەیەك پۆستەر بۆ بانگەشەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان هەڵواسران كە وێنەی هەریەك لە سەرۆك بارزانی و جەلال تاڵەبانی-یان بەسەرەوە بوو.
وتەبیژی سەركردایەتی پارتی لە سلێمانی و هەلەبجە, جەختیشی لەوە كردۆتەوە، ئەوان لە سەركردایەتیی سلێمانی و هەڵەبجەی پارتی رایدەگەیەنن، “بەهیچ جۆرێك لە دانان و لێكردنەوەی ئەو پۆستەرانە ئاگادار نین و لە دوور و نزیك پەیوەندی بە ئەوانەوە نییە”.